وەزیری ناوخۆی لوبنان: دەیان کەسمان لەسەر هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئاشتیپارێز دەستگیر کرد

شەممە، 15ـی شوباتی 2025، وەزارەتی ناوخۆی لوبنان ڕایگەیاند، دوای ئەو ئاژاوە و تاوانەی بەرامبەر هێزەکانی ئاشتیپارێز (یونیفیل) کرا، 25 کەسیان دەستگیر کردووە.
ئەحمەد ئەلحجار، وەزیری ناوخۆی لوبنان لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: هێرشکردنە سەر هێزەکانی یونیفیل بە تاوان دادەنرێت و زۆر بە جددیی بکەرانی دەستگیر دەکەین. تا ئێستە زیاتر لە 25 کەس لەسەر ئەو کارە دەستگیر کراون."
وەزیری ناوخۆی لوبنان باسی لەوەش کرد "داوام کردووە ڕێوشوێنی ئەمنیی توند بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی و دڵنیایی هاووڵاتیان بگیرێتە بەر."
لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ شەممە، جۆزێف عەون، سەرۆک کۆماری لوبنان ڕایگەیاند "ئەوەی شەوی ڕابردوو لەسەر ڕێگای فڕۆکەخانە و هەندێک ناوچەی بەیروت ڕووی دا، قبووڵنەکراوە و ئیدانەی دەکەین." ئاماژەی بەوەش کرد "هێزە ئەمنییەکان چاوپۆشیی لە هیچ لایەنێک ناکات کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری وڵات بدات."
هەینی 14ـی شوباتی 2025، مێدیاکانی لوبنان بڵاویان کردەوە، لایەنگرانی حزبوڵلای لوبنانی، ڕژانە سەر شەقام و ڕێگاکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریرییان داخست، هەروەها هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبیلی هێزەکانی ئاشتیپارێز، (یونیفیل) و سووتاندییان.
ڕۆژی هەینی یونیفیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد “ئێوارەی هەینی لەکاتی چوونی کاروانێکی هێزەکانی 'یونیفیل' بەرەو فڕۆکەخانەی بەیروت، هێرشی کرایە سەر یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی کاروانەکە و ئاگری تێ بەردرا. هێرشەکە بووە هۆی برینداربوونی جێگری فەرماندەی دەستلەکارکێشاوەی یونیفیل کە دوای تەواوبوونی ئەرکەکەی دەگەڕایەوە ماڵەوە.
یونیفیل داوای لە “دەسەڵاتدارانی لوبنان کرد، لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە و دەستبەجێ بکەن و هەموو ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لەم هێرشە و دادگایی بکرێن.” ئاماژەی بەوەش کردووە “ئەم جۆرە هێرشانە دژی هێزەکانی ئاشتیپارێز پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، بەرپرسێکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ڕەفیق حەریری لە بەیروت بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند "فڕۆکەخانەکە داوایەکی لە وەزارەتی کاروباری گشتی و گواستنەوە پێگەیشتووە، کە هێلی فڕۆکەوانی ماهان ئەیر ئاگادار بکاتەوە، دوو لە گەشتەکانی بۆ بەیروت وەرناگرێت، یەکێکیان بڕیار بوو ئێوارەی پێنجشەممە و ئەوی دیکەیان ڕۆژی هەینی بکرێت."