مارکۆ ڕۆبیۆ: ئه‌مه‌ريكا وه‌ك هاوپه‌يمانێك به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ كوردستاندا ده‌ڕوانێت

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جه‌خت له‌ به‌رده‌واميى هاريكاريى هاوبه‌ش لەگەڵ ئەمه‌ریکا ده‌كاته‌وه‌.

پاشنيوه‌ڕۆى شەممە، 15-02-2025، لە درێژه‌ى به‌رنامه‌كه‌يدا له‌ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا کۆبووەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا بره‌ودان به‌ په‌يوه‌نديى ستراتيژيى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و به‌رده‌واميى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، دۆخى ئه‌منى و مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش له‌ عێراق و سووريا، تاوتوێ كران.

نێچیرڤان بارزانی، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریى به‌رده‌وامى ئەمەریکا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریدا نیشان دا و جه‌ختيشى له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى هاريكاريى هاوبه‌ش لەگەڵ ئەمه‌ریکادا كرده‌وه‌."

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكاى بانگهێشت كرد بۆ ڕێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى باڵاخانه‌ى نوێى كونسوڵخانه‌ى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌ولێر، ئه‌ويش خۆشحاڵيى به‌ به‌شداريكردن له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا نيشان دا.

وەزیر مارکۆ ڕۆبیۆ "دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ريكا وه‌ك هاوپه‌يمانێك، به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا ده‌ڕوانێت و پابەندیی ئه‌مه‌ريكاى بۆ به‌رده‌واميى پشتگیریی له‌ سەقامگیریيان دووپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامیی هاوکاریی ئەمنی و سەربازی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارييه‌ هاوبەشەکان و بەهێزکردنی گەشەی ئابووری و په‌ره‌پێدان."

دوايين پێشهاتەکانی ناوچه‌كه‌، به‌تايبه‌تى سووريا و دۆخى كورد له‌و وڵاته‌، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.