دڵشاد شەهاب: کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە پرسێکی گرنگ

دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

دڵشاد شەهاب، گەتوبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:کێشەی کورد  لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا وەکو هەرێم، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، بەڵکو وەک پرسێکی گرنگی ناوچەکە چووتە پێشەوە، بەتایبەت لەبەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکدا ڕوودەدەن.

شەممە 15ـی شوباتی 2025، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دیدار و کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی کاریگەر لە سیاسەتی نێودەوڵەتی، نیشاندەری پێشکەوتنی دیپلۆماسیەتی هەرێمی کوردستانە لەسەر ئاستی جیهاندا.

دڵشاد شەهاب گوتی: پێگەی دەستووری و پێگەی مامەڵەکردنی جیهان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە پێگەیەکی بەهێزدایە، ساڵانی ڕابردوو نەوەک وەکو قەوارەیەکی دەستووری لەچوارچێوەی عێراقدا، وەکو کێشەی کێشەی کورد و بوونی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گفتوگۆ لەسەر ئەوە کراوە چۆن ئەو قەوارەیە پارێزگاری لێبکرێت، چۆن ئەو نموونە تازەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک هەرێمێکی فیدراڵ شتێکی نامۆیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنیا ئەزموونە، بۆیە تا ئێستا بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە و بەشێک لە هێزە عێراقییەکانیش ناتوانن ئەوە قەبووڵ بکەن و ناتوانن تێبگەن لەوەی چۆن فیدراڵییەت لە دونیایەکی وا داخراودا لە ماوەیەکی کەمدا دورستبووە، لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکە ڕوویانداوە، بەتایبەت دوای بەهاری عەرەبی و ئازادبوونی عێراق و  سووریا و گۆڕانکارییەکانی دوایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دڵشاد شەهاب دەڵێت: ئەمڕۆ جیا لەوەی هەرێمی کوردستان ئەو مامەڵە فەرمییەی لەگەڵدا دەکرێت، پرسی کوردانی ڕۆژئاوا  پرسێکی گرنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو پێشووەچوونەی لە باکووری کوردستان هەیە لە پرسی چارەسەری ئاشتیانەی کورد لە تورکیا، پرسێکی گرنگی ناوچەکەیە.