نێچیرڤان بارزانی و سکرتێری گشتیی ناتۆ هەڕەشە تیرۆریستییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مارک ڕۆته، سکرتێری گشتیی پەیمانی باکووری ئاتڵهنتيك(ناتۆ)، گرنگيى بەهێزکردنی پهیوهندی و هاوکاريی ناتۆ لهگهڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەکانیان تاوتوێ كرد، هاوکات مارک ڕۆته پابەندیی ناتۆی بۆ بەردەوامیی پشتگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
له کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئێوارهى ئەمڕۆ شەممە 15ـی شوباتی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مارک ڕۆته، سکرتێری گشتیی پەیمانی باکووری ئاتڵهنتيك (ناتۆ)، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە و گرنگيى بەهێزکردنی پهیوهندی و هاوکاريی ناتۆ لهگهڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەکاندا، تاوتوێ كرا.
نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریی ناتۆ لە بواری بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی هێزەکانی پێشمەرگە دەربڕی و جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئەم پشتگیرییە لەپێناو پاراستنى سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا، کردەوە.
لاى خۆیەوە ڕۆته، پابەندیی ناتۆی بۆ بەردەوامیی پشتگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی هاوبەشی لەگەڵ هەرێمى كوردستاندا کرد بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان له ناوچهكه.
دۆخی سووریا و پێشهاتهكانى ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست، لايهنێكى ديكهى گفتوگۆکانی كۆبوونهوهكه بوو.