فوئاد حوسێن نیگەرانی وڵاتەکەی لەبارەی داعش بە بەریتانیا دەگەیەنێت

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیای ڕاگەیاند: عێڕاق لە چالاکییەکانی چەکدارانی داعش لە سنووری سووریا نیگەرانن.
شەممە 15ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوی کردەوە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە لەگەڵ جوناتان پاول، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و جوناتان پاول لە کۆبوونەوەکەدا پرسی گۆڕانکارییەکانی سووریا و هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان بەریتانیا و عێراقیان لەبواری ئەمنی تاوتوێ کرد.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیری دەرەوەی عێراق، نیگەرانی وڵاتەکەی لەبارەی چالاکییەکانی داعش لە سنووری سووریا، بە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا ڕایگەیاند.
هاوکات، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: عێراق دەستیکردووە بە وەرگرتنەوەی ئەو تیرۆریستە عێراقییانەی لە دەرەوەی سنووری عێراق لە زیندانەکاندا بوون، بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە زیندانەکانی عێراق.