فەیسەڵ یوسف: هەڵوێستی لایەنە کوردییەکانمان بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گەیاند

شاندێکی باڵای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نێردەی هەردوو وڵاتی  ئەمەریکا و فەرەنسا، لەگەڵ سەرکردەی پارتەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا و ئیدارەی خۆسەر کۆبوونەوە.

فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی فەرمی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد ڕوونیکردەوە، دوێنێ هەینی، بەرپرسانی ئەنجوومەنەکە کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ شاندی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نێردراوانی واشنتۆن و پاریس ئەنجامداوە و دوایین پێشهاتەکانی سەر گۆڕەپانی سووریا و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ ناوخۆییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و بڕیاری دوورخستنەوەی کورد لە پێکهێنانی لیژنەی دیالۆگی سوریا و دوورخستنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان تاوتوێ کرد.

فەیسەڵ یوسف ڕاگەیاند: هەڵوێستی ڕوون و ڕاشکاوانەی زۆرینەی لایەنە کوردستانییەکانمان بۆ شاندی باڵای هاوپەیمان و فەرەنسا و ئەمەریکا دەربڕی کە هەموومان لەسەری کۆکین.

بە گوتەی فەیسەڵ یوسف، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان، تیشک خراوەتە سەر ئەو پێشهات و گۆڕانکاریانەی کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سووریا ڕوویاندا، هەروەها پێویستی پێکهێنانی شاندێکی یەکگرتووی کورد بۆ دانوستان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق،گوتیشی: هەوڵدەدەین لەبارەی دیدگای هاوبەش و شاندی هاوبەشەوە بگەینە لێکنزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتن، هەروەها دەنگی خۆمان بگەیەنینە لایەنە نێودەوڵەتییەکانی پشتیوای لە دۆزی کورد.