مارکۆ ڕوبیۆ : وڵاتانی عەرەبی هیچیان بۆ غەززە نەکردووە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی شوباتی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتە ئیسرائیل و بڕیارە سەردانی سعوودیە و ئیماراتیش بکات.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە یەکەم سەردانیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاش دەستبەکاربوونی وەک وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، گەیشتە تەلئەڤیڤ، بڕیارە سەردانی سعوودیە و ئیمارات بکات.

هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ  ڕوبیۆ، بچێتە قودس و دواتر لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیل گفتوگۆ بکات. گفتوگۆکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل، سەبارەت بە داهاتووی کەرتی غەززە و هەروەها پلانی دۆناڵد ترەمپیش لەو بارەوە، دەبێت.

ڕوبیۆ، پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆیەکی ناوخۆیی ڕایگەیاندبوو "پلانەکەی ترەمپ تاکە پلانە کە ئێستە بەردەستە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە واشنتن کراوەیە بۆ پێشنیازی وڵاتانی عەرەب، سەبارەت بە غەززە."

ئەو هەروا گوتی: هەموو ئەم وڵاتانە دەڵێن بایەخ بە فەڵەستینییەکان دەدەن، بەڵام هیچیان نایانەوێت هیچ فەڵەستینییەک وەرگرن، هەروەها هیچ کامیان هەرگیز کارێکی بەسوودیان بۆ چارەی بنەڕەتیی کێشەی غەززە نەکردووە.

ڕوبیۆ گوتیشی: ئەگەر کەسێک پلانێکی باشتری هەیە، کە هیوادارین پلانێکی باشتریان هەبێت، بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی ئەوە زۆر باشە". دەشڵێت: "ئەوان دەڵێن پلانێکی باشتریان هەیە و ئێمە سەیری دەکەین و دەبینین بزانین پلانەکەیان چییە و چۆن دەبێت."