دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دیاردەیەکی دەگمەنە

بەگوێرەی حیساباتی فەلەکناسی، پێشبینی دەکرێت هەموو وڵاتانی ئیسلامی 1ـی ئادار وەک یەکەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز ڕابگەیەنن.

جیهانی ئیسلامی، لە ڕۆژی هەینی 28ـی شوباتی 2025 چاودێریی دەرکەوتن و بینینی مانگ دەکات تاوەکو یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دیاری بکەن، هەروەها پێشبینی دەکرێت مانگی هیلالی کە دەکاتە سەرەتای مانگی نوێی کۆچی، بە بەکارهێنانی تەلسکۆپ لە ڕۆژئاوای ئاسیا و زۆربەی وڵاتانی ئەفریقا و باشووری ئەورووپاوە دیار بێت، ناوەندی فەلەکناسی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، ڕەنگە لە بەشێکی گەورەی هەردوو ئەمەریکای باشوور و باکوور بەچاو مانگ ببینرێت.

بەپێی حیساباتی فەلەکناسی، پێشبینی دەکرێت زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی، ڕۆژی شەممە 1ـی ئادار وەک دەستپێکی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز ڕابگەیەنن. ئەگەر مانگی ڕەمەزان لەو ڕۆژەدا دەست پێ بکات، ئەوەش دیاردەیەکی دەگمەن دەبێت، چونکە  مانگی زاینی و کۆچی لە یەک ڕۆژ دەست پێ دەکات، ئەمەش ڕووداوێکی دەگمەنە بەهۆی جیاوازی ژمارەی ڕۆژەکانی نێوان هەردوو مانگی کۆچی و زاینی.

زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی لەسەرووی هەموویانەوە سعوودیە، چاودێریی دەرکەوتنی مانگ دەکەن بۆ دیاریکردنی مانگی ڕەمەزان، بەڵام وڵاتانی تر پشت بە حیساباتی فەلەکی دەبەستن.

ناوەندی نێودەوڵەتی فەلەکناسی، وادەی دەستپێکردنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە ساڵی 2025 دیاری کردووە، بە پشتبەستن بە حیساباتی فەلەکناسی.

ناوەندی نێودەوڵەتی فەلەکناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە شاری مەککە، مانگ 33 خولەک دوای خۆرئاوابوون ئاوا دەبێت، لە قاهیرە، مانگ 36 خولەک دوای خۆرئاوابوون ئاوا دەبێت، لە ئەبوزەبی مانگ 31 خولەک دوای خۆرئاوابوون ئاوا دەبێت.

لەڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، مانگی هیلال تەنیا لە ئەبوزەبی و مەککە و قاهیرە، ڕەنگە بە بەکارهێنانی تەلسکۆپ ببینرێت.

سەنتەرەکە نەخشەیەکی بڵاو کردووەتەوە کە ڕادەی ئەگەری بینینی مانگی ڕەمەزان لە ڕۆژی هەینی 28ـی شوبات، لە هەموو ناوچەکانی جیهانەوە نیشان دەدات، بەجۆرێک کە:

 

بینینی مانگی هیلال لە ناوچە سوورەکانەوە مەحاڵە، چونکە مانگ پێش خۆرئاوابوون ئاوا دەبێت.هەروەها مانگی هیلال بە تەلسکۆپ یان بە چاو لە شوێنە ڕەنگنەکراوەکانەوە نابینرێت. بەڵام ئەوەی بەڕەنگی شین دیاری کراوە تەنیا بە بەکارهێنانی تەلسکۆپ مانگی هیلالی دەبینرێت. هەروەها ئەو ناوچانەی بە ڕەنگی پەمەیی ڕەنگ کراوە، دەتوانرێت بە تەلیسکۆپ مانگی هیلالی ببینرێت، جگە لەوە مانگی هیلال بە چاو دەبینرێت لەو ناوچانەی کە بە ڕەنگی سەوز دیاری کراون.