بەرپرسێکی ئەنەکەسە: داوامان لە شەرع کرد زیندانیانی کورد لە سووریا ئازاد بکات

" پێشێلکاریی گرووپە چەکدارەکانیشمان بۆ شەرع باس کرد"

بەرپرسێکی ئەنەکەسە ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، باسیان لە پێشێلکاریی گرووپە چەکدارەکان و ئازادکردنی زیندانیانی کورد کردووە. 

ڕۆژی شەممە، 15-02-2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ هەردوو پارێزگای حەلەب و ئیدلب؛ سەردانی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان کرد. 

شەرع، لە سەردانەکەیدا لەگەڵ ئەحمەد حەسەن، بەرپرسی لقی عەفرینی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل و چالاکوانی شارەکە کۆبووەوە؛ دۆخی ئێستەی سووریا و چەندان پرسی دیکەیان تاوتوێ کرد. 

دوای کۆبوونەوەکە، لقی عەفرینی ئەنەکەسە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو "ئەحمەد حەسەن، لە کۆبوونەوەکەدا گوتارێکی لەبارەی ستەم و پێشێلکارییەکانی گرووپە چەکدارەکان لە بەرانبەر کوردانی عەفرین و هاووڵاتییانی دیکەی سڤیل پێشکەش کردووە و داوای لە شەرع کردووە، سنوورێک بۆ پێشێلکارییەکان دابنێت و کێشەکانیان بۆ چارە بکات." 

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە لە گوتارەکەیدا باسی لە دەستدرێژیی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر موڵک و ماڵی هاووڵاتییان، دەستگیرکردنی ئەو ئاوارانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە عەفرین، سەپاندنی باج، بڕینی دارستانەکان و ئازادکردنی زیندانیانی کورد لە زیندانەکانی عەفرین، ماری، عەزاز و هیوا کیلیس؛ کردووە."

ئەحمەد حەسەن، هەروەها داوای لە سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا کردووە، دەسەڵاتەکانی حکوومەتی ئێستە فراوانتر بکات، تاوەکوو عەفرین لە دەست گرووپە چەکدارەکان ڕزگاری ببێت و یاسا، دادپەروەری و یەکسانی باڵ بەسەر شارەکەدا بکێشێت. 

کوردستان24 زانیویەتی، ئەحمەد شەرع لە کۆبوونەوەکەدا، بەڵێنی داوەتە هاووڵاتییانی سڤیل، کێشەکانیان بۆ چارە بکات و موڵک و ماڵیان لە دەست گرووپە چەکدارەکان دەربهێنێت. 

بە گوتەی چاودێرانی سیاسی، چوونی شەرع بۆ عەفرین کە یەکەمین سەردانی فەرمییەتی بۆ شارێکی کوردی، لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، پەیامێکی ڕوونە بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و دەیەوێت زیاتر لێیان نزیک ببێتەوە.