حەماس ئامادەیی خۆی بۆ ڕادەستکردنی غەززە بە دەسەڵاتی فەڵەستین دەربڕی

چەند سەرچاوەیەک بە سکای نیوزی عەرەبیان ڕاگەیاندووە، حەماس لە نامەیەکدا بۆ ڕێکخراوی کۆمەڵی ئیسلامی، ئامادەیی خۆی بۆ ڕادەستکردنی کەرتی غەززە بە دەسەڵاتی فەڵەستین و لیژنەی حکوومەتیی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە دەربڕیوە.

ئەو سەرچاوانە بۆ سکای نیوزی عەرەبی ڕوونیان کردەوە "حەماس تەنیا مەرجی ئەوەی داناوە کارمەندانی کەرتی غەززە دووبارە بگەڕێندرێنەوە بۆ ناو ئیدارەی نوێ یان خانەنشین بکرێن، لەگەڵ گەرەنتی ئەوەی مووچەکانیان بدرێت."

سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە قبووڵکردنی حەماس بۆ ڕادەستکردنی حوکمی غەززە بە دەسەڵاتی فەڵەستین، دوای فشاری زۆری میسر بووە، بۆ سەر شاندی بزوتنەوەکە کە سەردانی قاهیرەیان کردووە."

بەگوێرەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی ئەمەریکا، بڕیارە لەم هەفتەیەدا دانوستانەکان سەبارەت بە قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە و ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان بەرانبەر زیندانیانی فەڵەستینی بەردەوام بن.

ویتکۆف ئاماژەی بەوەش کردووە، گفتوگۆکان بەردەوام دەبن، بەگوێرەی فۆکس نیوز، بە تەلەفۆن  زۆر ئەرێنی و بنیاتنەرانە لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر و حەسەن ڕەشاد، سەرۆکی هەواڵگری میسر، گفتوگۆی کردووە.

هەر سێ وڵات ڕۆڵی نێوەندگیرییان بینی لە گەیشتن بە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان کە لە 19ـی کانوونی دووەم دەستی پێ کرد و بڕیارە تا 1ـی ئازار تەواو بێت.

لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و هەزار و 538هاووڵاتی ئیسرائیلی و بیانی کوژران کە 286 ئەفسەر و سەرباز و 764 کەسی مەدەنی بوون و 248 کەسیش بە بارمتە گیران.
تا 10ی شوباتی 2025، وەزارەتی تەندروستیی لە غەززە ڕایگەیاندووە، لانیکەم 28,064 فەلەستینی، لەوانەش زیاتر لە 10هەزار کەسی گەنج کوژراون، زیاتر لە 67,611 بریندار و 7 هەزار کەس لە ژێر داروپەردوودا بێسەروشوێنن، کە بە گشتیی زیاتر لە 90 هەزار کەس لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە کوژراون، کە یەکسانە بە نزیکەی 4%ی دانیشتوانی غەززە کە 2.3 ملیۆن کەسە. 

لای خۆیەوە فەرمانگەی حکوومەتی غەززە ئاماژەی داوە، هەزاران کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون.

بەگوێرەی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی، نزیکەی 90%ـی دامەزراوە تەندروستییەکان بەتەواوی، یان بەشێکی زۆری وێران بوون، هەروەها قوتابخانە و ژێرخانەکانی کەرتی غەززە وێران بوون.

لێکۆڵینەوەیەکی کۆمپانیای ڕاندی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە زیاتر لە 80 ملیار دۆلاری تێدەچێت، هەروەها لابردنی داروپەردوو بە تەنیا زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.