ترەمپ: پوتین و زێلێنسکی دەیانەوێت کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەیانەوێت کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن. 

ترەمپ ڕاشیگەیاند کە کار بۆ ئاشتی دەکات، گوتیشی: دەیەوێت بە زووترین کات لەگەڵ پوتین کۆ ببێتەوە.

ترەمپ، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا شەڕێکە کە نەدەبوو هەرگیز بکرێت. هەروەها گوتیشی: لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا، بە زووترین کات کۆ دەبێتەوە. 

ترەمپ ئاماژەی بەوەدا "پوتین دەیەوێت کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت."

باسی لەوەش کرد "ڕووسیا سوپایەکی بەهێزی هەیە، ئەوان شکستیان بە هیتلەر هێنا و ئێستا ماوەیەکی زۆرە لە شەڕدان."

ترەمپ، وەڵامی پرسیارێکی دایەوە سەبارەت بەوەی ئایا پوتین هەموو ئۆکرانیای دەوێت؟ گوتی: پێموایە دەیەوێت شەڕەکە بوەستێت. چونکە ئەگەر بەردەوام بێت ئەوە کێشەیەکی گەورە دەبێت بۆ ئێمە. ئەوە کێشەیەکی گەورەش دەبێت بۆ من، ئەو دەیەوێت کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت."

ئەوەشی خستە ڕوو، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیاش هەمان بۆچوونی هەیە، گوتی "هەردووکیان دەیانەوێت بە خێرایی کۆتایی پێبهێنن".