خانمێکی بەریتانی 17 ساڵە خزمەتی کەرتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەکات

لێسلی گاج، بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانەی زانکۆی کوردستان-هەولێر، نزیکەی 17 ساڵە لە هەولێر دەژی و هەموو ژیانی خۆی بۆ کەرتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دابین کردووە، هاوکات، لەو ماوەیەدا پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان دروست کردووە و ئێرە بە ماڵی خۆی ناو دەبات.

لە سەرەتای هاتنی بۆ هەرێمی کوردستان، لیسلی گاج، ژیانی خۆی بۆ کەرتی پەروەردە و زانکۆی کوردستان-هەولێر دابین کردووە، لە ساڵی 2007وە لە کتێبخانەی ئەو زانکۆیە کار دەکات، لە ساڵی 2013 بووە بە بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانەی زانکۆی کوردستان- هەولێر، هەروەها لە ساڵی 2019 بووە بەڕێوەبەری گشتیی (American Corner).

دوای دەست بەرکار بوونی لیسلی گاج، لە کتێبخانەی زانکۆی کوردستان- هەولێر گۆڕانەکان دەستیان پێ کرد، کتیێبخانەکە نۆژەن کرایەوە و بابەت و سەرچاوەی زیاتری بۆ  زیاد کران، ژینگەیەکی لە باری بۆ قوتابییەکان ڕەخساندووە، ئێستە بە یەکێک لە پێشکەوتووترین کتێبخانەکان لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت.

لێسلی گاج، لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ی ڕاگەیاند "کە هەولێری خۆش دەوێت و وەکوو ماڵی خۆی دەبینێت، تەنانەت ئەو کاتانەی سەفەریش دەکات، هەمیشە بە پەرۆشە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان."

هەروەها گوتی: ئەمە وڵاتێکی جوانە و خەڵکەکەی خۆشەویست و میواندۆستن، هەمیشە لێرە لە هەرێمی کوردستان سەرسام دەبم، هاوسەنگیی کارکردن لێرەدا زۆر باشترە وەکوو بەریتانیا "ڕاکە ڕاکە و جەنجاڵ نییە."

ئەو خانمە بەریتانییە ئاماژەشی دا "کوردستانی لە دڵەوە لە باوەش کردووە، دانیش بەوەدا دەنێت کە زمانی کوردی بۆ ئاستی سەرەتایی دەزانێت و پەرەی پێ نەداوە، بەڵام ڕۆژانە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان هەیە."

لێسلی گوتیشی: لە ماوەی ئەو 17 ساڵە، زۆر خەڵکم ناسی کە هێشتا هەندێکیان هاوڕێمن، هەندێکیان قوتابی من بوونە کە بۆ ماوەیەکی زۆرە زانکۆیان تەواو کردووە و بوونە بەشێک لە ژیانی من، لە هەموو بەشەکانی هەرێمی کوردستان خەڵک دەناسم و هاوڕێم هەیە.

باسی لەوەش کرد "سەرەڕای ئەو تێڕوانینەی لەبارەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە دەرەوە هەیە، ئێرە لە زۆر لایەنەوە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا سەلامەتترە؛ هەروەها کەشوهەوا خۆشترە، هاوسەنگیی لە نێوان ژیان و کاردا هەیە. تەنانەت خەڵک لێرە زۆر وەفادارترن، تاکە لایەنی خراپی ئەوەیە کە کورد شۆفێرێکی سەرکێشن."

سەرەڕای ئەو ئاڵنگاری و قەیرانانەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گرتووە، بەڵام لیسلی گاج ئێرەی بەجێ نەهێشتووە، لەو بارەیەوە دەڵێت: خۆشی و ناخۆشی هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی شوێنێکی سەرنجڕاکێشە، هیچ نیازێکیشم نییە ئێرە بەجێی بهێڵم.