ئیسرائیلییەکان داوای درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست دەکەن

ئیسرائیلییەکان داوای درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکەن بۆ ئەوەی بارمتەی زیاتر لە غەززە ئازاد بکرێن.

هەزاران خۆپیشاندەری ئیسرائیلی، بەشێکی بەرچاویان یەکپۆشێکی پرتەقاڵیی زیندانییەکانیان پۆشیبوو، داوای درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستیان لەگەڵ حەماس کرد، بە هیوای ئازادکردنی بارمتەی زیاتر.

قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا کۆتایی دێت؛ بڕیار بوو دانوستانەکان لەسەر قۆناغی دووەم لەم ماوەیەدا دەستی پێ بکردایە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی ئەرێیی بەو ئاراستەیە نییە.

ڕۆژی یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاگربەستەکەی غەززە بە نێوەندگیریی میسر و قەتەر و ئەمەریکا، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە ماوەکەی 42 ڕۆژ دەبێت، دانوستانەکان بەردەوام دەبن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم و دواتر قۆناغی سێیەم.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست، تاوەکوو ئێستە 21 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانیی ژێر دەستی حەماس و 783 زیندانی فەڵەستینی لەنێو زیندانەکانی ئیسرائیلدا ئازاد کراون. هاوکات شەڕ ڕاگیراوە و سەدان بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی گەیەنراونەتەوە کەرتەکە.