بەفەرمانی سوودانی لیژنەیەکی باڵا بۆ کێشەی جووتیارانی کورد پێک دەهێنرێت

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەدواداچوونی بۆ بارودۆخی ئەو ڕووداوە کرد کە دوێنێ لە سنووری سەرگەڕان ڕووی دا، دوای ئەوەی ڕێگریی لە جووتیاران کرا کارەکانیان بکەن، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بە نوێنەرایەتیی هەموو لایەنەکان بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوە. 

سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە "فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بەدواداچوونی بۆ ئەو ڕووداوەی دوێنێ لە سنووری پارێزگای کەرکووک ڕووی دا کردووە، کە ڕێگریی لە جووتیاران کراوە کارەکانیان بکەن، بۆیە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ڕاسپاردووە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە، بە نوێنەرایەتیی هەموو لایەنەکان بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوە."

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، سوودانی، بریکاری وەزیری دادی ڕاسپاردووە بچێتە پارێزگای کەرکووک، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست، سەبارەت بەو زەوییانەی کە بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان ناوچەی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانن.

ئاماژەی بەوەش داوە، داوا لە سوپا و ناوخۆ و پێشمەرگە و حەشد و دەزگا ئەمنییەکان و هەواڵگرییەکان دەکەین کە پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن، ژیرانە و نیشتمانپەروەرانە مامەڵە بکەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیش کراوەتەوە کە داوا لە هەموو لایەن و هێزە سیاسییەکان دەکەین، کە حیکمەت و ئارامیی بەکار بهێنن، ئەولەویەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی و پابەند بن بە یاسا و دەستوور، کار بۆ پاڵپشتیی هێزە ئەمنییەکان لە پاراستنی هەموو دەسکەوتە ئەمنییەکان و ئامانجە نیشتمانییە هاوبەشەکاندا بکەن.