مەسرور بارزانی و جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا جەخت لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکەنەوە

سێشەممە، 18-02-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بێریس ئیکینجی، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، بیروڕایان لەبارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە ئاڵوگۆڕ کردووە، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وزەدا.
ئاماژە بەوەش دراوە "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان، بە تایبەتی دوای پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ، لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تایبەت بە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم."
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتە ڕوو، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆ لەبارەی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق بە تورکیا و ئەورووپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین "لەمبارەیەوە، جەخت لە گرنگیی بەشداریی هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژە ستراتیجییەدا کرا".
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، "گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی دۆخی سووریا تاوتوێ کرا و پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکان دووپات کرایەوە."

