لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق: ڕەفتارەکانی سوپا نادەستوورین

غەریب ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی: ئەو کردەوەیەی هێزەکانی سوپای عێراق لە شەناغە بەرانبەر بە جووتیارانی کورد کردوویانە، نایاساییە و تەواو پێچەوانەی دەستوورە.
گوتیشی: هاتنمان بۆ شەناغە داکۆکیکردنە لە مافی هاووڵاتییان و یاسا، ئەوەشی سوپای کردوویەتی بە تەواوەتی دژایەتیکردنی یاسایە، چونکە لە پەرلەمان بە کۆی دەنگی پەرلەمانتاران سێ پرۆژە یاسا دەنگیان پێ درا، کە یەکێکیان هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس بووە، کە پەیوەستە بە زەوی و موڵکی هاووڵاتییان، هەربۆیە لە لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق، پشتیوانی جووتیارانی شەناغەین و بەرگریی لە مافەکانیان دەکەین.
غەریب ئەحمەد گوتیشی: فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەر لە سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری عێراقەوە تاوەکوو لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگەدار کردووەتەوە، ئەوەی لە شەناغە بەرانبەر بە جووتیارانی کورد کراوە پیشێلکردنی یاسایە و دەبێت ڕێکاری یاسایی دژ بەوانە بگیرێت کە پێشێلی یاسایان کردووە و پەلاماری جووتیارانیان داوە.
هەروەها ئاماژەی دا، سوپا، بۆ پاراستنی خاک و خەڵکە لە کێشە و ململانێی تایفی، هەربۆیە ئەم پرسەی لێرە لە شەناغە هەیە، ئەرک و کاری ئەوان نییە.