جووتیارانی گوندی شەناغە: ڕووماڵی کوردستان24 کاریگەر بوو و سوپای وەستاند

جووتیارانی گوندی شەناغەی کەرکووک ستایش و سوپاسی ڕووماڵی کوردستان24 دەکەن و دەڵێن: ڕووماڵەکە کاریگەر بوو و توانی سوپای عێراق بوەستێنێت.

سێشەممە، 18-02-2025، سابیر حەسەن، مامۆستای ئایینی و جووتیاری گوندی شەناغەی سنووری کەرکووک؛ سوپاس و ستایشی ڕووماڵی بەردەوامی کوردستان24ـی کرد و بە هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بەڕاستی کەناڵەکەتان ڕۆڵی کاریگەریی لە گەیاندنی دەنگی جووتیاران هەبووە و جێ پەنجەتان دیارە. مایەی شانازیی هەموو لایەکمانن و دەستخۆشیتان لێ دەکەین."

مامۆستا سابیر حەسەن, باسی لەوەش کرد "ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشین، چونکە پێمان وایە پێمان ناوەتەوە قۆناغێکی نوێ و ئینشائەڵلا قۆناغی توندوتیژی نەما. سەرکۆنەی ڕەفتاری دوێنێی سوپای عێراق دەکەین و مایەی قبووڵکردن نییە. هیوادارین دووبارە نەبێتەوە."

بە گوتەی ئەو مامۆستا ئاینییە "سوپای عێراق لەسەر هەمان عەقڵییەت و ڕێبازی شۆڤێنyی ڕژێمی پێشوو کار دەکات. ئەگەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت، زیاتر لە ڕژێمی پێشوو ستەم و دژایەتیی لە گەلی کورد دەکات."

جووتیارێکی دیکەی گوندی شەناغە، بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "ئێوە یەکەم کەناڵ بوون بە هاوارمانەوە هاتن. ئێوە دەنگی ئێمەتان گەیاندە لایەنە پەیوەندیدارەکان و لە دڵەوە سوپاستان دەکەین. ڕووماڵەکەتان وای کرد، سوپای عێراق لە ڕەفتارە نابەجێیەکانی بوەستێت."

 

 

ڕووداوەکەی شەناغە و ڕووماڵەکەی کوردستان24

 دووشەممە، 17-02-2025، هەردوو پەیامنێری کوردستان24، هێمن دەلۆ و سۆران کامەران و کامێرامانەکانیان، وەکوو هەموو جارێک، پێش هەموو کەناڵەکانی دیکە، ڕووماڵێکی گەورەی ناڕەزایەتیی جووتیارانی کوردی گوندی شەناغەی سنووری سەرگەڕانی کەرکووک و هێرش و پەلاماری سوپای عێراق بۆ سەر ئەو جووتیارانە کرد؛ وێنە و ڤیدیۆکانی کوردستان24 لەبارەی ڕووماڵەکە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان تەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان هێنایە دەنگ. 

یەکێک لەو ڤیدیۆیانەی کوردستان24 کە بە شێوەیەکی زۆر بەرفراوان لەلایەن کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و دەزگا میدیاییەکانی دیکەی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە، ئەوە بوو، کاتێک سەربازێکی سوپای عێراق، ملپێچی جووتیارێکی ئەو گوندەی ڕاکێشا و دەیویست جووتیارەکە بەو ملپێچەوە لەسەر تراکتۆرێک بهێنێتە خوارەوە، بەڵام جووتیارە کوردەکە ڕەتی کردەوە و گوتی: بشمرم، لەسەر تراکتۆرەکە نایەمە خوارەوە! 

 
 
 

 

 

سوپای عێراق ڕووماڵی کوردستان24 قەدەغە دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە، 18-02-2025، هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 کە شەوی ڕابردوو، بەخۆی و کامێرامانەکەییەوە، لە گوندەکە ماونەتەوە و لە ڕووماڵکردنی ڕووادوەکە بەردەوام بوون، ڕایگەیاند "گوندی شەناغە بە هێزێکی زۆری سوپای عێراق دەوردراوە و خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. هاوکات بازگەکانی هاتن بۆ گوندەکە، زۆر توندوتۆڵ کراون."

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد "بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، هێزێکی سوپای عێراق هاتە لامان، بە ئێمەیان گوت: لەبەر ڕووماڵەکەی دوێنێی کوردستان24 و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی جووتیاران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، فەرمانمان پێ کراوە، ڕووماڵی کەناڵەکەتان قەدەغە بکەین.

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد "ئێمە ئەوەمان ڕەت کردەوە و بەو هێزەی سوپای عێراقمان گوت: ئێمە فەرمان لە ئێوە وەرناگرین و کوردستان24 وەکوو هەر جار لە گەیاندنی دەنگی حەق و ناڕازی جووتیارانی کوردی کەرکووک بەردەوام دەبێت."