هەسەدە و مەسەدە: ئامادەین بچینە نێو سووپای نوێی سووریا

تەلەفزیۆنی سووریا بڵاوی کردەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش لە بەیاننامەیەکدا پابەندی خۆیان بە یەکپارچەیی خاکی سووریا و تێکەڵکردنەوەی هێزەکان بە سووپای حکوومەتی سووریای نوێ دووپات کردەوە.
سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، تەلەفزیۆنی فەرمی سووریا بڵاوی کردەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) و (ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا) کۆبوونەوە و لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئایندەی سووریا و بەشداریی هێزەکانیان لە سووریای نوێدا ڕوون کردەوە.
وەک ئەوەی بڵاویان کردووەتەوە، هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ودامەزراوە ئەمنییەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەر لەچوارچێوەی سووپای سووریادا.
هاوکات دووبارە شیاندنەوەی دامەزراوە مەدەنییەکان و خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەت لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و کشانەوەی چەکدارە بیانییەکانی خەڵکی سووریا نین، لەڕیزی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک هەنگاوێک بۆ پاراستن سەروەری و سەقامگیریی نیشتمانی.
هەسەدە و مەسەدە، ڕێککەوتن لەسەر پەرەدان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی سووریا، هەروەها زیادکردنی کۆبوونەوەکان لەپێناو پەرەدان بە هەماهەنگییەکان لەبارەی پرسە نیشتمانییەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا دووپاتیان لە یەکپارچەیی سووریا و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بۆ ناوچەکانیان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی گونجاو بۆیان، کردەوە.
هەردوولا، خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە سەردانی ئەحمەد شەرع بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی لێژنەی هاوبەش بۆ دانانی پلان و میکانیزمی جێبەجێکردنی پلانەکان و بەندەکان.
لە بەرامبەردا، هەر ئەمڕۆ، بەرەی کوردستانی سووریا لە بەیاننامەیەکدا، نیگەرانیی خۆی دەربارەی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا نیشاندا و دەڵێت: ئەو ڕێککەوتنە سازشکردنێکی مەترسیدارە لە مافە یاساییەکانی گەلی کورد لە سووریا.