لاڤرۆڤ: گوێمان لە یەک نەگرت، بەڵکو بۆ یەکتری بێدەنگ بووین

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوە و شاندی ئەمەریکا لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە گوتی: کۆبوونەوەکەمان زۆر ئەرێنی بوو، زەمینەسازیی بۆ کۆبوونەوەی پوتن و ترەمپ دەکەین.
سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، شاندی ڕووسیا بە سەرۆکایەتی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوە و شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی مارک ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکەش هەردوو وەزیر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ڕێکخست.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گوتی: لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ شاندی ئەمەریکی، باسمان لە چالاککردنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن کرد، هاوکات باسمان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەمەریکا و ڕێگەکانی گەیشتن بە چارەسەری کێشەی ئۆکرانیا کرد، هەروەها ڕێککەوتین زەمینە بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی هاوکارییەکان بڕەخسێنین، سەرباری زەمینەسازیی بۆ کۆبوونەوەی پوتن و ترەمپ.
لاڤرۆڤ دەڵێت: بەڕوونی بە ئەمەریکامان گوت، ڕێگە بە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ناتۆ لەژێر ئاڵای ئەوروپا نادەین و پێمان گوتن، فراوانبوونی ناتۆ هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ڕووسیا.
لاڤرۆڤ لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا گوتی: کۆبوونەوەکە بەرهەمداربوو، گوێمان لە یەک نەگرت، بەڵکو بۆ یەکتری بێدەنگ بووین، پێم وایە لایەنی ئەمەریکا تێگەیشتنێکی باشتری بۆ هەڵوێستەکانی ڕووسیا هەیە.
دەشڵێت: هەردوو لایەنی ڕووسی و ئەمەریکی بەشێوەیەکی گشتی گرنگیان بە لابردنی بەربەستە ئابوورییەکان کرد، ئەو سزا ئابوورییانەی ئەوروپا خستۆتیە سەر ڕووسیا بەهۆی جەنگی لەگەڵ ئۆکرانیا، هاوکات دووپاتمان لە هەماهەنگی ئابووری بۆ بەرژەوەندیی هەردوولا کردەوە.
مارک ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش لە بەرامبەردا گوتی: ڕێککەوتین بەرژەوەندی یەکتری لەبەر چاو بگرین، وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و ئەمەریکا دووپاتیان کردەوە لەوەی پێویستە باڵیۆزخانەکانیان لە وڵاتی یەکدی چالاک بکەنەوە بۆ ئەوەی دیپلۆماسی سەربگرێت.
سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، دانوستانەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا لە کۆشکی درعییە، لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا کۆبوونەوە.
هەفتەی ڕابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لەسەر سازدانی کۆبوونەوەکە ڕێککەوتن.
سوپای رووسیا لە 24ی شوباتی 2022 هێرشی فراوانی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپێکردوو زیاتر لە سێ ساڵە جەنگەکە بەردەوامە.