ئافرەتێکی شەناغە: ئافرەتی کورد لە هەموو خەڵکی بێگانە بەغیرەتترە

ئافرەتێکی گوندی شەناغە دەڵێت: ئەگەر دوێنێ لێرەبووام، یان ئەوانم دەکوشت، یاخود خۆم دەکوشت، دەشڵێت: ئافرەتی کورد، لە هەموو خەڵکی بێگانە بەغیرەتترە.

ئەو ئافرەتەی گوندی شەناغە دەڵێت: داوا لە میللەتەکەمان دەکەم، ئافرەتەکان هەموویان بێنە دەنگ و بێنە دەرەوە دژی ئەوانە بووەستنەوە کە زوڵم لە گەلی کورد دەکەن، دەشڵێت: دوێنێ لە دەرەوە بووام، یان ئەوانم دەکوشت، یاخود خۆم دەکوشت.

دوێنێ هێزێکی سووپای عێراق هەڵیان کوتایە سەر جووتیارانی کوردی گوندی شەناغەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان بۆ ئەوەی دەست لە کێڵانی زەوییەکانیان هەڵگرن، دوای ڕووبەڕووبەڕوونەوەی جووتیارانی کورد و سووپای عێراق، کامیرای کوردستان24 وێنەی تەواوی ڕووداوەکەی گواستەوە، دیارترینیشیان دیمەنی ئەو سەربازە عێراقییەی ملپێچی جووتیارێکی کورد لەسەر تراکتۆرەکەی ڕادەکێشێت کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستکرد و لایەنە بەرپرسەکانی حکوومەتی فیدراڵی زوو هێنایە سەر هێل و ڕێکاریی خێرایان گرتەبەر بۆ ڕێگریی کردن لە فراوانبوونی گرژییەکان.