ترەمپ: ئۆکرانیا بە هەڵگیرسانی جەنگ تۆمەتبار دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، حکوومەتی ئۆکرانیا بەهۆکاری لەشکرکێشی سوپای ڕووسیا بۆ وڵاتەکە تۆمەتبار دەکات و ڕایگەیاندووە، ئۆکرانیا بەرپرسیارە لە جەنگ و هێرشی ڕووسیا، کە نزیکەی سێ ساڵ بەردەوامە.

ئەم هەڵوێستەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ دانوستانی وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و ڕووسیا لە ڕیاز سەبارەت بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی واشنتن و مۆسکۆ و هەنگاونان بەرەو ئاگربەستی جەنگی ئۆکرانیا.

لە وەڵامی ڕەخنەکانی ئۆکرانیا، کە بانگهێشتی دانوستانەکانی ڕیاز نەکراوە، ترەمپ ڕایگەیاند، ئۆکرانیا نزیکەی سێ ساڵە لە جەنگێکدایە کە دەکرا، ڕێککەوتن بکات و لە بری شەڕ.

ترەمپ ئاماژەیداوە، ئەگەر لە کاتی هەڵگیرسانی جەنگەکەدا، لە دەسەڵاتدا بووایە، دەیتوانی ڕێککەوتنێک بکات کە نزیکەی هەموو خاکەکەی ئۆکرانیا بدات، بەبێ ئەوەی کەس بکوژرێت و هیچ شارێک وێران بکرێت.

 لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: دەمەوێت ئاشتی بەدەست بهێنم، نامەوێت قوربانی زیاتر هەبێت.

هەروەها ترەمپ داوای کرد هەڵبژاردن لە ئۆکرانیا بکرێت، ئەو داواکارییە لەلایەن ڕووسیاشەوە پێشکەش کراوە. گوتیشی: ئەمە تەنیا داوایەکی ڕووسیا نییە، بەڵکو من و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەش هەمان داواکاریمان هەیە.

ڕوسیا پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە خولی سەرۆکایەتیی ئۆکرانیا لە ئایاری ئەمساڵدا کۆتایی دێت، هەر بۆیە دەبێت ئۆکرانیا هەڵبژاردن بکات. لە کاتێکدا کیێڤ پێداگری لەسەر مانەوەی زێلێنسکی لە دەسەڵات دەکاتەوە، ئەمەش بەگوێرەی یاسای سەربازی، چونکە وڵاتەکە لە جەنگە.

دوایین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو.

هەروەها ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، لە مانگی شوباتی 2022، دەستی پێکرد، کاتێک هێزەکانی ڕووسیا لە بیلاڕووس و دوورگەی کریمیاوە چوونە ناو خاکی ئۆکرانیا.