سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆدەبێتەوە

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی شاندی دەم پارتی (ئەرشیف)
کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی شاندی دەم پارتی (ئەرشیف)

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و شاندی دەم پارتی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان تاوتوێ دەکەن. 

میدیای نزیک لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 19-02-2025، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، لە چوارچێوەی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە. 

چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و شاندی دەم پارتی، پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان تاوتوێ بکرێت. 

ڕۆژی شەممە، 15-02-2025، شاندەکەی دەم پارتی بە یاوەری کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە)  گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێرەوە پێشوازیی لێ کرا. 

تاوەکوو ئێستە شاندی دەم پارتی، ئەم کۆبوونەوەیان لە هەرێمی کوردستان کردووە: 

1. یەکشەممە، 16-02-2025، لەگەڵ سەرۆک بارزانی (هەولێر)

2. دووشەممە، 17-02-2025، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان (هەولێر)

3. سێشەممە، 18-02-2025، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (سلێمانی)

چاوەڕێ دەکرێت دوای گەڕانەوەیان بۆ باکووری کوردستان، شاندەکەی دەم پارتی کە دوو جار لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆ بووەتەوە، بۆ جاری سێیەم لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ ئۆجەلان دیداریان هەبێت. 

لەلایەکی دیکەوە، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاندووە، لە دوای کۆبوونەوەکانی شاندەکە لە هەرێمی کوردستان، دەم پارتی ڕاگەیەندراوێکی گشتگیر لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی ڕادەگەیەنێت.