مەسرور بارزانی: سوود وەرگرتن لە هەر دەرفەتێک بۆ ئاشتی و سەقامگیریی گرنگە

شاندی ئیمرالیی دەم پارتی: ڕۆڵ و پشتیوانیی سەرۆک بارزانی بۆ پرۆسەی ئاشتی بەرز دەنرخێنین

ئەمڕۆ چوارشەممە، 19-02-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، بە سەرۆکایەتی هەردوو پەرلەمانتار سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان کرد .

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "لە دیدارەکەدا، شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان بە سەردان و دیدار و کۆبوونەوەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا خستەڕوو و ئاماژەیان بەوە دا، کە ئێستا قۆناخێکی نوێ لە تورکیا دەستی پێکردووە و پرسی ئاشتی و چارەسەری دۆزی کورد بووەتە بابەتێکی گرنگ و پێویستییەکی هەنووکەیی. شاندەکە هەروەها ڕۆڵ و پێگە و پشتیوانیی سەرۆک بارزانیان لە پرۆسەکە بەرز نرخاند."

وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی سوود وەرگرتن لە هەر دەرفەتێک کردەوە لە پێناو ئاشتی و سەقامگیریی و بەهێزکردنی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتی نێوان گەلانی ناوچەکە و جیهان بە گشتی."

هەروەها سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی "پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی دووپات کردەوە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاوکاری و هاوئاهەنگییەک لەمبارەیەوە نیشان دا."

 

 

ڕۆژی شەممە، 15-02-2025، شاندەکەی دەم پارتی بە یاوەری کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە)  گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێرەوە پێشوازیی لێ کرا. 

تاوەکوو ئێستە شاندی دەم پارتی، ئەم کۆبوونەوەیان لە هەرێمی کوردستان کردووە: 

1. یەکشەممە، 16-02-2025، لەگەڵ سەرۆک بارزانی (هەولێر)

2. دووشەممە، 17-02-2025، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان (هەولێر)

3. چوارشەممە، 19-02-2025، لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (هەولێر)

4. سێشەممە، 18-02-2025، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (سلێمانی)

چاوەڕێ دەکرێت دوای گەڕانەوەیان بۆ باکووری کوردستان، شاندەکەی دەم پارتی کە دوو جار لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆ بووەتەوە، بۆ جاری سێیەم لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ ئۆجەلان دیداریان هەبێت. 

لەلایەکی دیکەوە، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاندووە، لە دوای کۆبوونەوەکانی شاندەکە لە هەرێمی کوردستان، دەم پارتی ڕاگەیەندراوێکی گشتگیر لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی ڕادەگەیەنێت.