سیروان ڕۆژبەیانی: ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕێگرە لە خزمەتکردنی خەڵکی نەینەوا

جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا ڕایگەیاند، ئەو ناکۆکییەی ئێستا لەنێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە، بووەتە هۆی ئەوەی ئێمە وەکو پێویست نەتوانین خزمەت بە خەڵکی نەینەوا بکەین.
چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ساڵی 2024، هیچ بودجەیەک بۆ هیچ پارێزگایەکی عێراق تەرخان نەکرابوو، ئەو پرۆژانەی ئێستا لە پارێزگای نەینەوا دەکرێت، هی ساڵی 2022 و 2023یە.
ئەو دەڵێت: پێش ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگار بێت، بڕیاری لەسەر درابوو لە وەزارەتی پلاندانا و وەزارەتی دارایی، بەڵام لەوەتەی ئەنجوومەنی پارێزگار هاتووە، لە ساڵی 2024وە تاکو ئێستە هیچ بودجەیەک بۆ ئێمە نەهاتووە، بۆ ئەوەی بدرێتە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و دەنگی لەسەر بدەن.
دەشڵێت: ئەو ناکۆکییەی ئێستا لەنێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە، بێگومان دەبێتە هۆی ئەوەی ئێمە وەکو پێویست نەتوانین خزمەت بە خەڵکی نەینەوا و شارۆچکەکانی بگەیەنین.
لە وەڵامی پرسیارێک کە لە بازگەکان ڕێگری لە کاسبکاران و جووتیاران دەکرێت، ئەوان وەکو جێگری یەکەمی پارێزگار چییان کردووە؟ سیروان ڕۆژبەیانی، گوتی: لیژنەیەک هەبوو لەگەڵ حکوومەتی ئیتیحادی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئەو بابەتە دانیشتن و دەیان جار سەردانی بەغدا کراوە و ئەوانیش هاتوونەتە هەولێر، زۆربوونی هێزە ئەمنییەکان لە هەر شوێنێک دەبێتە هۆی کێشە و گرفت، بڕیار وابوو ئاسایشی موسڵ بدرێتە دەست پۆلیس، بازگەکانیش تەنیا پۆلیسی لێ بێت، بەڵام بەداخەوە تاکوو ئێستە ئەوە بڕیارە جێبەجێنەکراوە.