گەرمیان.. داعش سێ شوانی گەمارۆ داوە و شەڕو پێکدادان بەردەوامە

چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لەخوارووی گوندی دوڕاجی نێوان کفری و خورماتوو، سێ شوان لەگەڵ ژمارەیەک چەکداری داعش ڕووبەڕووبەنەتەوە و شەڕو پێکدادان بەردەوامە.
هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، سێ شوان لەنێوان گوندی مەحە و دوڕاجی کە دەکەوێتە سنووری ناحیەی نەوجول لە نێوان کفری و خورماتوو، کە ئاژەڵەکانیان بردووە بۆ لەوەڕاندن، شەش چەکداری داعشیان بینیووە و شەرو پێکدادانی قورس لە نێوانیاندا ڕووی داوە.
گوتیشی: تاوەکو ئێستا ژمارەیەک ئاژەڵ کوژراون بەڵام هیچ زانیاری لەسەر کوشتنی شوانەکان یاخود داعشەکان نییە، هەروەها هێزێکی پێشمەرگە بەهانای شوانەکان چوونەتە شوێنەکە، کە تاوەکوو ئێستا دەنگی تەقەیەکی زۆر دەبیسترێ لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و ئەو داعشانە.