وەزیری دادی تورکیا: مۆڵەت بە سێیەم دیداری شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان دەدەین

وەزیری دادی تورکیا جەخت دەکاتەوە، مۆڵەت بە سێیەم دیداری شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان دەدەن، بەڵام شاندەکە تاوەکوو ئێستە هیچ داواکارییەکی بۆ ئەو مەبەستە پێشکەشیان نەکردووە.
یەلماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە بارەی سێیەم سەردانی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمرالی بۆ کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاند، هیچ داواکارییەکی فەرمییان بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش نەکراوە.
وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر داواکارییەکی نوێ لەو بارەیەوە هەبێت، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و مۆڵەت بە داواکارییەکە دەدرێت.
شاندەکەی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر پێک دێت؛ تاوەکوو ئێستە دوو جار لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان کۆبووەتەوە.
چاوەڕێ دەکرێت دوای گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستان، شاندەکەی دەم پارتی ڕاگەیەندراوێکی گشتگیر لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی بڵاو بکاتەوە و دواتریش داواکاری بۆ سێیەم دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، پێشکەشی وەزارەتی دادی تورکیا بکات.
تاوەکوو ئێستە شاندی دەم پارتی، ئەم کۆبوونەوەیان لە هەرێمی کوردستان کردووە:
1. یەکشەممە، 16-02-2025، لەگەڵ سەرۆک بارزانی (هەولێر)
2. دووشەممە، 17-02-2025، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان (هەولێر)
3. چوارشەممە، 19-02-2025، لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (هەولێر)
4. سێشەممە، 18-02-2025، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (سلێمانی)