تورکیا: عێراق ئێمەی لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ئاگادار نەکردووەتەوە

کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان
کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان

جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و وەزیری نەوتی عێراق کۆبوونەوە. وەزیری وزەی تورکیاش دەڵێت: حکوومەتی عێراق لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ئێمەی ئاگادار نەکردووەتەوە. 

لێدوانی وەزیری وزەی تورکیا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان

چوارشەممە، 19-02-2025، ئارسەلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند، تاوەکوو ئێستە حکوومەتی عێراق، ئەوانیان لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ئاگادار نەکردووەتەوە و هیچ زانیارییەکیشیان لەوبارەوە پێ نەداوەن.  

دووشەممە، 17-02-2025، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عیراق ڕایگەیاند "پێشبینی دەکەین لە ماوەی هەفتەیەکدا، ڕێکارەکانی هەناردەی نەوتی کوردستان تەواو ببن و پرۆسەکە دەست پێ بکاتەوە، ئێستە هیچ کێشەیەک لە بەردەم پرۆسەی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت نەماوە."

هاوکات کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت "لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق هەمواری یاسای بودجەی عێراقی پەسەند کردووە و بەم زووانە لە ڕۆژنامەی فەرمیی حکوومەتی فیدراڵی (وەقائیع) بڵاو دەکرێتەوە؛ هیچ بەربەستێک لە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتەکە نەماوە و ئێمە لە ڕووی تەکنیکییەوە ئامادەین."

ئەو وەزیرە پێشبینیش دەکات، تاوەکوو سەرەتای مانگی ئادار (سێ) هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەست پێ بکات. گوتیشی: بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لایەنی سێیەمیش هەیە کە ئەویش تورکیایە، دەبێت بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ ئەوانیش بگەینە ڕێککەوتن و گفتوگۆمان دەبێت.

کۆبوونەوەی جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، عایشە بێریس ئینکنجی، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا، لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەوە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، لە کۆبوونەوەکەدا، ھەنگاوەکانی بەردەم پتەوکردنی ھاریکارییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە بواری نەوتدا، تاوتوێ کراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، 18-02-2025، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی ھەولێر کرد و لە میانیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبووەوە.

هەر دوێنێ عایشە بێریس ئینکنجی دوای کۆتاییھاتنی دیدار و کۆبوونەوەکانی لە ھەولێر، بەسەردانێک گەیشتە بەغدا.