تولای هاتیمئۆغوڵڵاری: کۆبوونەوەکانی شاندەکەمان لە هەرێمی کوردستان ئهرێنی بوون
هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند، بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆتایی مانگی شوبات یان دەستپێکی مانگی ئادار دەبێت.
چوارشەممە 19ـی شوباتی 2025، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە کوردستان24ـی گوت: پێشبینی دەکەن بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراویی پەکەکە لە کۆتایی مانگی شوبات یان دەستپێکی مانگی ئادار بێت.
لەبارەی دیدارەکانی شاندی دەم پارتی لە هەرێمی کوردستان، گوتی: کەشێکی ئەرێنی لە کۆبوونەوەکاندا هەبووە، ئەمەش بووەتە مایەی دڵخۆشیی سەرکردایەتیی دەم پارتی.
هەر ئەمڕۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، بە سەرۆکایەتی هەردوو پەرلەمانتار سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان کرد .
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "لە دیدارەکەدا، شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان بە سەردان و دیدار و کۆبوونەوەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا خستەڕوو و ئاماژەیان بەوە دا، کە ئێستا قۆناغێکی نوێ لە تورکیا دەستی پێکردووە و پرسی ئاشتی و چارەسەری دۆزی کورد بووەتە بابەتێکی گرنگ و پێویستییەکی هەنووکەیی. شاندەکە هەروەها ڕۆڵ و پێگە و پشتیوانیی سەرۆک بارزانیان لە پرۆسەکە بەرز نرخاند."
وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی سوود وەرگرتن لە هەر دەرفەتێک کردەوە لە پێناو ئاشتی و سەقامگیریی و بەهێزکردنی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتی نێوان گەلانی ناوچەکە و جیهان بە گشتی."
هەروەها سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، "پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی دووپات کردەوە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاوکاری و هاوئاهەنگییەک لەمبارەیەوە نیشان دا."