ڕووفاتی 32 ئێزیدی دەگەڕێندرێتەوە

فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ ڕووفاتی 32 ئێزدی بە فەرمی لە بەغدا وەردەگرنەوە و بە خانەوادەکانیان دەدرێنەوە، دواتر لە مەراسیمێکیدا لە مۆنۆمێنتی بیرەوەرییەکان لە قەزای شنگال بەخاک دەسپێردرێن.

فەرمانگەکە ئاشکرای کردووە، لەنێو ئەو ڕووفاتانەدا، 19 ڕووفاتی خەڵکی گوندی کۆجۆن، ئەوانی دیکەش خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی ئێزیدی نشینن.

فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دووپاتی کردەوە، تا ئێستا تیمە تایبەتەکانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە شنگال کار دەکەن بۆ ئەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی زیاتر هەڵدەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدەن ناسنامەی ڕووفاتەکان ئاشکرا بکەن.

بەپێی ئەو ئامارەی ئێستا لەبەردەستدایە لەبارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئێزدیان، فەرمانگەکە ئاشکرای کردووە، تا ئێستا 93 گۆڕی بەکۆمەڵ ئاشکرا کراون و 55 گۆڕی بەکۆمەڵیش تا ئێستا هەڵدراونەتەوە، سەرباری ئەو 38 گۆڕە بەکۆمەڵەی تا ئێستا هەڵنەدراونەتەوە.

فەرمانگەکە ئاشکرای کردووە، 750 ڕووفات لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرهێندراون، 508 ڕووفاتیش تا ئێستا ناسنامەکانیان ئاشکرا نەبوون، تەنها 242 ڕووفات ناسنامەکانیان ئاشکرا بوونە.