ئەو جووتیارە کوردەی ملپێچەکەی ڕاکێشرا: کوردستان24 دەنگی ئێمەی گەیاندە هەموو دونیا

ئەو جووتیارە کوردەی گوندی شەناغە، کە سەربازێکی عێراقی ملپێچەکەی ڕاکێشا، سوپاسی کوردستان24 دەکات و دەڵێت: ئێوە بوون دەنگی ئێمەتان گەیاندە هەموو دونیا. 

پێنجشەممە، 20-02-2025، محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی گوندی شەناغەی کەرکووک، بە هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە دڵەوە زۆر سوپاسی کەناڵی کوردستان24 دەکەم، کە دەنگی ئێمەی جووتیارانی کوردی گوندی شەناغەی گەیاندە لایەنە پەیوەندیدارەکان و تەنانەت هەموو دونیا."

ئەو جووتیارە کوردە بە پەیامنێری کوردستان24ـیشی گوت "تۆ و کامێرامانەکەت بوون، ساتی ڕاکێشانی ملپێچەکەمتان تۆمار کرد و بۆ دونیاتان نیشان دا، ڕۆژانە چ ستەم و دژایەتییەک بەرانبەر ئێمەی جووتیارانی کورد، لە سنووری کەرکووک دەکرێت." 

 

ڕووداوەکەی شەناغە و ڕووماڵەکەی کوردستان24

 دووشەممە، 17-02-2025، هەردوو پەیامنێری کوردستان24، هێمن دەلۆ و سۆران کامەران و کامێرامانەکانیان، وەکوو هەموو جارێک، پێش هەموو کەناڵەکانی دیکە، ڕووماڵێکی گەورەی ناڕەزایەتیی جووتیارانی کوردی گوندی شەناغەی سنووری سەرگەڕانی کەرکووک و هێرش و پەلاماری سوپای عێراق بۆ سەر ئەو جووتیارانە کرد؛ وێنە و ڤیدیۆکانی کوردستان24 لەبارەی ڕووماڵەکە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان تەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان هێنایە دەنگ. 

یەکێک لەو ڤیدیۆیانەی کوردستان24 کە بە شێوەیەکی زۆر بەرفراوان لەلایەن کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و دەزگا میدیاییەکانی دیکەی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە، ئەوە بوو، کاتێک سەربازێکی سوپای عێراق، ملپێچی جووتیارێکی ئەو گوندەی ڕاکێشا و دەیویست جووتیارەکە بەو ملپێچەوە لەسەر تراکتۆرێک بهێنێتە خوارەوە، بەڵام جووتیارە کوردەکە ڕەتی کردەوە و گوتی: بشمرم، لەسەر تراکتۆرەکە نایەمە خوارەوە! 

 ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا بوو، سەرەڕای پەسەندکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس بۆ دەست بەسەرداگرتنی زەوییە کشتووکاڵییەکانی جووتیارانی کورد، ڕۆژی دووشەممە، 17-02-2025، سوپای عێراق لە گوندی شەناغەی سنووری کەرکووک، ڕێگرییان لە کێڵانی زەویی جووتیارانی کورد کرد و پەلامار و ئازاری جووتیارانیان دا؛ جووتیارانیش ڕووبەڕوویان بوونەوە و گوێیان بە هەڕەشەکانی سوپا نەدا.