واشنتن سزاکانی سەر ڕووسیا کەم دەکاتەوە
سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بە ئامادەیی ڕووسیا بۆ دانوستان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکەی لە ئۆکرانیا، دەکرێت ئەمەریکا یارمەتی بدات و سزاکانی کەم بکاتەوە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی بلومبێرگ و لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەمەریکا ئامادەیە سزاکانی سەر ڕووسیا زیاد بکات یان کەم بکاتەوە بەپێی پێشکەوتنی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئۆکرانیا، بێسنت گوتی: دەکرێت سزاکانی لەسەر کەم بکرێتەوە، چونکە ئەو ئامادەیی ئەوەی تێدا هەیە دانوستان بکات، ئاماژەی بەوەش کرد سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، پابەندە بە کۆتاییهێنان بەم ململانێیە زۆر بە خێرایی.
هەروەها گوتیشی: سەرۆک ترەمپ ڕایگەیاند، ڕەنگە لەم مانگەدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین هاوتا ڕووسییەکەی کۆببێتەوە و تاوتوێی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بکات.
وەزیری گەنجینە ڕەخنەی لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گرت کە گرێبەستێکی 500 ملیار دۆلاری بۆ دابینکردنی کانزا گرنگەکان بۆ ئەمەریکا ئیمزا نەکردووە، هەروەها شەڕی قسەکردن لەگەڵ ترەمپ پەرەپێداوە، بەوەی زێلێنسکی بە "دیکتاتۆر" تۆمەتبار کردووە.
بێسنت گوتی، زێلێنسکی "دڵنیایی کردمەوە کە گرێبەستی کانزاکان لە میونشن واژۆ دەکات و نەیکرد".
زێلێنسکی ڕۆژی چوارشەممە داواکارییەکانی ئەمەریکای ڕەتکردەوە کە ئۆکرانیا 500 ملیار دۆلار لە سامانی کانزاکان بدات بە واشنتن لە بەرامبەر ئەو یارمەتییانەی کە لە کاتی شەڕدا لە ئەمەریکا وەریگرتووە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمەریکا هێشتا هیچ شتێکی نزیک لەو بڕە پارەیەی پێشکەش نەکردووە، هەروەها هیچ گەرەنتییەکی تایبەتی ئەمنیی لە ڕێککەوتنەکەدا نەداوە.