حەوتەم کاروانی ڕووفاتی ئێزدییەکان دەگەڕێندرێنەوە
32 ڕووفاتی ئێزدییەکانی شنگال، دوای زیاتر لە 10 ساڵ کوژرانیان، لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرانەوە و ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە، لەگەڵ ئەوانیشدا، ڕووفاتی 21 قوربانی حەمام عەلیل کە بەدەستی تیرۆریستانی داعش کوژران، ڕادەستی کەسوکاریان کرانەوە.
پەیامنێری کوردستان24 دەرمان باعەدرێی لە داد پزیشکی موسڵ ڕایگەیاند: گۆڕێکی دیکەی بە کۆمەڵی ئێزدییەکان هەڵدرایەوە و 32 ڕووفاتیان ناسنامەیان ئاشکرا بوون، 21 ڕووفاتی دیکەش لە قوربانیانی ناحیەی حەمام عەلیل، لە گۆڕێکی دیکەی بەکۆمەڵدا دۆزراونەوە و ئەمڕۆ ڕادەستی کەسوکاریان کرانەوە.
دکتۆرە یاسەمین مونزر ، بەرپرسی بەشی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دادپزیشکی بەغدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ یەکەم کاروانی ڕووفاتی ئەوانە ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە کە لە حەمام عەلیل بوونە قوربانی دەستی داعش، هەموو ڕووفاتەکان پشکنینی توێکارییان بۆ کراوە، ئەمڕۆ ڕێکارەکانمان بەکۆتا هێناوە، ئێستا دەتوانین ڕووفاتەکان ڕادەستی کەسوکاریان بکەینەوە، چونکە هەموو ڕێکارە ئیدارییەکان تەواو کراون و نووسراوە فەرمییەکان واژوو کراون، خەڵکێکیش هاتوون ڕووفاتەکان وەربگرنەوە، ئێمەش هاوکارییان دەکەین.
بەرپرسی بەشی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دادپزیشکی بەغدا ڕایگەیاند: حەوتەم کاروانی ڕووفاتی قوربانیانی شنگال ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە، ئینجا کۆتایی بە پرۆسەکە دێنین، کەسوکاریان بە مەراسیمی ئاینی خۆیان بەخاکیان دەسپێرن.
دوو کاروان ڕووفاتەکان ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێتەوە، 21 ڕووفات هی قوربانیانی حەمام عەلیلن، 32 ڕووفاتی دیکە هی ئێزدییەکانی شنگالن.
خالید محەممەد تەحتوح، بەڕێوەبەری ناحیەی حەمام عەلیل گوتی: توانیمان ناسنامەی 21 لە ڕووفاتەکانی قوربانیانی حەمام عەلیل بناسینەوە کە بەدەستی داعش تیرۆر کراون، ڕووفاتەکان هی پۆلیس و خەڵکی سڤیلن.