سبەی وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی بەغدا دەکات

سەرچاوەیەک لە حکوومەتی عیراقی بەکوردستان24ـی راگەیاند: سبەینێ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بەسەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغدا و بریارە لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق پێشوازی لێبکرێت، پاشان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عیراق کۆببێتەوە.

شەممەی ڕابردوو 15ـی شوباتی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: بانگهێشتنامەیەکی فەرمی عێراقی بۆ وەزیری دەرەوەی سووریا ئەسعەد شەیبانی ناردووە، بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکات.

14ـی شوباتی 2025، فوئاد حوسێن ڕایگەیاند: عێراق هیچ خۆ پارێزییەکی نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەرکردایەتی سووریای نوێ، گوتیشی: عێراق کە لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە ئایاری داهاتوو بەڕێوەدەبات، بانگهێشتی تەواوی سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی دەکات، لەنێو ئەوانیشدا سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا ئەحمەد شەرع.