سبەی شاندی باڵای پارتی و یەکێتی لە سلێمانی کۆدەبنەوە

سبەی شەممە، 22ـی شوباتی 2025، شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە سلێمانی کۆدەبنەوە.
هەینی 21ـی شوباتی 2025، سەرچاوەیەک بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: سبەی شەممە22ـی شوباتی 2025، شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە سلێمانی کۆدەبنەوە، کۆبونەوەی شاندی باڵای پارتی و یەکێتی بۆ بڕیاردانە لەسەر ئەو ستراتیژەی لایەن لیژنەی هاوبەشی هەردوولا ئامادە کراوە، ئەمەش پاش ئەوە دێت کە لەماوەی ڕابردوودا هەردوولا لیژنەیەکی تەکنیکیان بۆ نوسینەوەو کارنامەی کابینەی داهاتووی حکوومەت پێک هێنابوو، ئەو لیژنەیەش نزیکەی پێنج کۆبوونەوەی کردوو ڕەشنوسەکەی ئامادە کرد کە سبەینێ بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو ڕەشنووسە کۆدەبنەوە.
10ـی شوباتی 2025، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: گفتوگۆکان گەیشتوونەتە قۆناغی بیرۆکەی هاوبەش بۆ پێکهێنانی حکوومەت و تەنیا یەک دوو خاڵ ماون کە پێویستی بە گفتوگۆ لە ئاستێکی دیکەدا هەیە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆ دەکرێت و خاڵە ناکۆکەکان کۆتایی پێ دەهێندرێت.
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاشیگەیاند: هەردوو لا گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی دەبێت لە پێکهێنانی حکوومەت پەلە بکرێت و تەنیا ڕای جیاوازمان لەسەر چۆنیەتیی پێکهێنانی حکوومەت و بەڕێوەبردنیەتی و تا ئێستا قسە لەسەر پۆستەکان نەکراوە.