حەماس داوای تەرمی شێری بیباس دەکاتەوە

بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: ئەو تۆمەتانە بە گرنگییەوە وەردەگرێت کە گوایە تەرمی شێری بیباس لەگەڵ پشکنینی دی ئێن ئەی ئیسرائیل وەک یەکتر نییە، بۆیە داوای کرد تەرمەکە بگەڕێندرێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە.

ڕۆژی هەینی 21ـی شوباتی 2025، بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: سەریان سوڕماوە لەو ژاوەژاوەی ئیسرائیل کە بانگەشەی ئەوە دەکەن تەرمی شێری بیباس لەگەڵ پشکنینی دی ئێن ئەی یەک ناگرێتەوە.

بزووتنەوەکە دەڵێت: "ئێمە لە وڵاتانی نێوەندگیرەوە تۆمەتەکانی ئیسرائیلمان پێگەیشتووە و زۆر بە جدی لەو تۆمەتانە دەکۆڵینەوە و ئەنجامەکانیش بە ڕوونی ڕادەگەیەنین."
لە ڕاگەیەندراوەکەی حەماسدا  ئاماژە بەوەکراوە "لەوانەیە هەڵەیەک یان تێکەڵاویەک لە تەرمەکاندا هەبێت لەگەڵ تەرمی فەلەستینییەکانی دیکە کە لەگەڵ ئەواندا لە هەمان شوێن بوونە.
حەماس دەڵێت: "ئێمە نێوەندگیرەکان لە ئەنجامی پشکنین و لێکۆڵینەوەکان ئاگادار دەکەینەوە، لە لایەن خۆشمانەوە داوای گەڕاندنەوەی تەرمەی شیری بیباس دەکەین کە ئیسرائیل دەڵێت هی فەڵەستینییەکە کە لە بۆردومانەکانی ئیسرائیلدا کوژراوە."