ئیدارەی ترەمپ هۆشداریی دەداتە عێراق

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، ئەمەریکا هۆشداری دەداتە عێراق، کە بە زووترین کات هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە.
هەینی 21ـی شوباتی 2025ـی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، فشار لە عێراق دەکات بۆ ئەوەی دەستبەجێ نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکاتەوە، ئەگینا وەک ئێران ڕووبەڕووی سزای قورس دەبێتەوە.
ئاژانسەکە دەڵێت: ئەمەریکا دەیەوێت ئێران لە ئابووری جیهان دابڕێت و داهاتی نەوتەکەی بۆ سفر دابەزێت، هەروەها ترەمپ دەیەوێت سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت.
هەر لەبارەی فشاری ئەمەریکا لەسەر عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسێکی کۆشکی سپی، بە ئاژانسەکەی گوت: "هەناردەکردنەوەی نەوتەکە نەک تەنیا بۆ ئاسایشی ناوچەیی گرنگە، بەڵکو یارمەتیدەریش دەبێت بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین".
نزیکەی دوو ساڵە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 26 ملیار دۆلار زیان بە ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووە و بازاڕی وزەی جیهانیش ناهاوسەنگ بووە.