ڕووسیا پێشنیاری هەموارکردنەوەی ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئەمەریکا دەکات

ڕووسیا پێشنیاری هەموارکردنەوەی ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئەمەریکا دەکات لە کۆبوونەوەی گشتیی سەبارەت بە ململانێی ئۆکرانیا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاندووە، ڕووسیا پێشنیاری هەموارکردنەوەی ئەو ڕەشنووسی بڕیارنامەیەی ئەمەریکای کردووە کە پێشکەشی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە سەبارەت بە ئۆکرانیا.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، پێشنیازی ڕووسیا جەخت لەسەر پێویستی داڕشتنی بەڵگەنامەکە بەشێوەیەک دەکاتەوە کە زیادکردنی دەستەواژەیەکی پەیوەست بە نەهێشتنی "هۆکارە بنەڕەتییەکان"ی ململانێکان لەخۆبگرێت.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە لێدوانێکدا لەسەر ئەو زانیاریانەی ئەمەریکا وەک لایەنێک بەشداری نەکردووە لە داڕشتنی بڕیارنامەی دژە ڕووسیا سەبارەت بە ئۆکرانیا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی لەوە کردەوە ئەم هەڵسوکەوتەی لایەنی ئەمەریکی "شاهیدی ئەو ڕاستییەیە کە ئێستا پراگماتیزم بە ناوەکی سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دادەنرێت".

بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ترەمپ لە میانی دیدارەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی هەندێک وڵات جەخت لەوە دەکاتەوە دروشمی سەرەکی ئەو عەقڵی ساغە و ئەمەش هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئۆکرانیایش دەگرێتەوە.

نوێنەرایەتی هەمیشەیی ئەمەریکا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی نوێی لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەتکردبووەوە کە ڕووسیا بە هۆکاری ململانێی ئۆکرانیا دەزانێت.

دوای ئەوەی ئەمەریکا ڕەتی کردەوە بەشداریی لە داڕشتنی بڕیارنامەیەکی دژە ڕووسیادا بکات کە لەلایەن بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، کەنەدا، سویسرا، پۆڵەندا و دەوڵەتانی باڵتیک داڕێژرابوو، شاندی ئەمەریکی ڕەشنووسی بڕیارنامەی بێلایەنی خۆی پێشنیار کرد.