ترەمپ سەرۆک ئەرکانی هێزە هاوبەشەکانی ئەمەریکای لە پۆستەکەی دوورخستەوە

بەبڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەرکانی هێزە هاوبەشەکانی ئەمەریکا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "زە تروس سۆشیال" بڵاوی کردەوە، جەنەڕاڵ سی کیو براونی، هێزی ئاسمانی لە پۆستی سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا دوورخستەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پاککردنەوەی ئەو سەرکردانەی پشتگیری لە فرەچەشنی و یەکسانی دەکەن لە سەربازیدا.

ترەمپ دەڵێت: دەمەوێت سوپاسی جەنەڕاڵ چارڵز 'سی کیو' براون بکەم بۆ زیاتر لە 40 ساڵ خزمەتکردنی بۆ وڵاتەکەمان، ئەو پیاوێکی بەڕێزە و هیوای داهاتوویەکی گەورە بۆ ئەو و خێزانەکەی دەخوازم.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پۆستە بەتاڵەکەی براون لەلایەن دان کین، فڕۆکەوانێکی شارەزای ئاسایشی نیشتمانی پڕدەکرێتەوە.

دەرکردنی براون، دووەم ژەنەڕاڵی ڕەشپێستە کە وەک سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش کاری کردووە. 

ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرفت لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، کە لە ئێستاوە ئامادەکاری دەکات بۆ دەرکردنی کارمەندان و جێبەجێکردنی چاکسازی ڕیشەیی لە بودجەی وڵاتەکەیدا، ئەمە جگە لە گۆڕینی جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا بەپێی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکای یەکەمی ترەمپ.

براون کە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023 پۆستی سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش دەستبەکاربووە، چاوەڕوان دەکرا تا مانگی ئەیلولی 2027 پۆستی سەرۆکایەتی ئەرکانی هاوبەش بکات.

ترەمپ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی بڕیارەکەی بۆ لابردنی براون لە پۆستەکەی نەدا، هەروەها باسی لەوەش نەکرد کە ئایا تا ئەو کاتەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا جێنشینەکەی پشتڕاست دەکاتەوە، لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە یان نا.