ئیسرائیل ئازادکردنی زیندانییانی فەڵەستینی دوا دەخات
حەماس لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، شەش بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کرد، بەڵام لە بەرانبەردا ئیسرائیل بڕیاری دا ئازادکردنی زیندانییانی فەڵەستینی دوا بخات.
شەممە 22ـی شوباتی 2025، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاند، دوای ئەوەی بزووتنەوە حەماس شەش بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کرد، بەڵام سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەبێ ئەوەی هۆکارەکە ئاشکرا بکات ئازادکردنی زیندانییانی فەڵەستینی دوا خست.
سەرچاوەکان باسیان لەوەش کرد، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەم شەو بەشداریی چەند کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی دەکات و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمی ئازادکردنی زیندانییانی فەڵەستینی دەکات.
لەلایەکی دیکەوە دەستەی پەخشی ئیسرائیل، دواخستنی ئازادکردنی بەندکراوانی فەڵەستینی پشتڕاست کردەوە، کە ژمارەیان زیاترە لە 600 کەس.
لای خۆیەوە کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە، ڕایگەیاند: دوای ڕاوێژە ئەمنییەکان، حکوومەت بڕیار لەبارەی هەنگاوەکانی ئازادکردنی زیندانییانی فەڵەستینی دەدات.