بەریتانیا سزای نوێ بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنێت

دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا کە کەناڵی ئای تی ڤی پەخشی کردووە ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی بەنیازە لە 24ـی شوبات سزای نوێ بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، سەپاندنی گەورەترین پاکێجی سزاکانی لە سەرەتای شەڕەوە لە ئۆکرانیا ڕاگەیاند.
ئەو وەزیرە جەختیشی کردەوە کە کۆت و بەندە نوێیەکان بۆ سەر ڕووسیا لە 24ـی شوبات، کە سێهەمین ساڵیادی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەتە، دەسەپێندرێت.
دوێنێ ڕۆژنامەی دەیلی تەلەگراف، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی حکوومەتی بەریتانیا بڵاوی کردەوە، لەندەن خۆی ئامادە دەکات بۆ ڕاگەیاندنی سزای نوێ بەسەر ڕووسیادا.
دەسەڵاتدارانی بەریتانیا لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە پاشخانی ململانێی ئۆکرانیادا، جارجارە سزا بەسەر کۆمپانیا و کەسانی ڕووسیادا دەسەپێنن، لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵدا، شانشینی یەکگرتوو، جگە لە شەش کەسی پەیوەست بەو کۆمپانیایە، سزای بەسەر کۆمپانیای "Zservers"ی ڕووسیدا سەپاند. چەند ڕۆژێک دواتر، لەندەن سزای نوێی ڕاگەیاند کە تاک و قەوارە ڕووسییەکانی گرتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ فشارخستنە سەر مۆسکۆ.
لەو ماوەیەدا کۆی گشتیی ئەو قەوارە یاساییانەی کەوتوونەتە ژێر سزاکانی بەریتانیا بۆ 380 کەشتی و ژمارەی ئەو کەشتیانەی کە کەوتوونەتە ژێر سزاکان بۆ 110 کەشتی بەرزبووەتەوە کە 93 کەشتی نەوتهەڵگریان هەبووە. هەموو ئەو کەشتیانەی کە لە لیستی ڕەشدان، چوونە ناو بەندەرەکانی بەریتانیا لە ژێر هەڕەشەی دەستبەسەرکردندا قەدەغە دەکرێن، تۆمارکردنیان لە تۆماری کەشتییەکانی بەریتانیا ڕەت دەکرێتەوە و لەوانەیە تۆماری ئێستایان هەڵبوەشێتەوە، ئەگەر پێویست بێت.
لای خۆیەوە، مۆسکۆ بەردەوام جەختی لە بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی و بەرژەوەندی هاووڵاتیان و کۆمپانیاکانی کردووەتەوە و جەختیشی لەوە کردووەتەوە، سزاکان بە پلەی یەکەم کاریگەرییان لەسەر ئەو کەسانە هەیە کە ئەو سزایانە دەسەپێنن.