ئەمەریکا.. لە هێرشێکدا بۆ سەر بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەیەک دوو کەس کوژران
بەرپرسانی ویلایەتی پێنسیلڤانیا ڕایانگەیاند، پیاوێک چووەتە بەشی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەیەکی شاری یۆرک و کارمەندانی بە بارمتە گرتووە.
تیم پارکەر، داواکاری گشتیی یۆرک، لە ئەکاونتی خۆی ڕایگەیاندووە، ئەو کەسە بە جانتایەکەوە کە دەمانچەیەکی تێدا بوو، چووە ناو نەخۆشخانەی یادەوەریی UPMC.
کەسەکە، ڕاستەوخۆ چووەتە بەشی چاودێریی چڕ و تەقەی کردووە و بەهۆیەوە 3 کارمەندی نەخۆشخانەکە بریندار بوون کە پزیشک و پەرستار و پاککەرەوەیەکیان تێدایە.
لە کاتی هەوڵی پۆلیس بۆ دەستبەسەرکردنی، ئەفسەرێکی پۆلیسیک بە ناوی ئەندرۆ دوارت، کوژراوە و دوانی دیکەش بریندار بوونە، دواتر تەقەکەرەکەش کوژراوە.
شۆن ماوک، بەڕێوەبەری پۆلیسی وێست یۆرک تاون، بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاندووە، دڵمان هەمووی شکاوە و خەمبارین بە لەدەستدانی ئەو هاوکارەمان.
لای خۆیانەوە بەرپرسانی نەخۆشخانەی یۆرک ڕایانگەیاند، چەکدارەکە کوژراوە، بەڵام هیچ نەخۆشێک بریندار نەبووە.
سوزان مانکۆ، جێگری سەرۆکی پەیوەندییە گشتییەکانی نەخۆشخانەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی خۆیانن و کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کردووە."