ترەمپ بە تەلەفۆن گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا کرد

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، لەسەر چەندان بابەتی جیاواز، لەوانە ململانێی ئۆکرانیا و ئاسایشی سنوورەکانی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەی کرد.

لە بەیاننامەیەکدا کۆشکی سپی بڵاوی کردەوە، ترەمپ و ترودۆ لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆیان کردووە، لە بارەی ئەو ڤیدیۆ کۆنفرانسەی گروپی حەوت، کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە24ـی شوبات بەڕێوە بچێت.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سەرکردەکانی گروپی حەوت وڵاتی گەورەی پیشەسازی، پلانیان هەیە ڕۆژی دووشەممە، لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ و سەرۆکی یەکێتیی ئەورووپا و سەرکردەکانی ڕۆمانیا و پۆڵەندا ڤیدیۆ کۆنفراسنێک لەسەر قەیرانی ئۆکرانیا، ساز بکەن.

کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە "ترەمپ و ترودۆ "ویستی خۆیان بۆ بینینی کۆتایی هاتنی شەڕی سێ ساڵە دەربڕیوە."

هەروەها هەردوو سەرکردەکە باسیان لە ئاسایشی سنوورەکانی ئەمەریکا کردووە، کە بابەتێکی هەستیارە بۆ بەرپرسانی کەنەدا لەو کاتەوەی ترەمپ باجی سەپاندووە لە وەڵامی "قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر سنوورەکانی ئەمەریکا و کەنەدا".

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فۆکس نیوز، ترەمپ لە 3ـی شوباتدا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕاگرتنی باجەکان بۆ ماوەی 30 ڕۆژ، واتە پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای مانگی ئاداردا باجەکان دابنرێت.

پەیوەندییەکانی نێوان ترەمپ و ترودۆ لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەهۆی باج و ئارەزووی ڕاگەیەندراوی ترەمپ بۆ لکاندنی کەنەدا بە ئەمەریکاوە، ئاڵۆز بووە.

پێشتر، لە مانگی شوباتدا ترودۆ ڕایگەیاندبوو "پێی وایە ترەمپ ڕژدە لەوەی کەنەدا بکات بە 51مین ویلایەتی ئەمەریکا.

ترەمپ، پێشتر گلەیی لە کورتهێنانی بازرگانیی ئەمەریکا لەگەڵ کەنەدا کردبوو و بانگەشەی کردبوو "هیچ هۆیەک بۆ ناهاوسەنگییەکی لەو شێوەیە نییە."