زیاد ئەسعەد بە بەرهەمێکی نوێ دەگەڕێتەوە

هونەرمەندی ناسراوی کورد، زیاد ئەسعەد، دوای ساڵانێکی زۆر لە بڵاونەکردنەوەی هیچ بەرهەمێکی هونەری، بڕیار وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە گۆرانییەک هەواداران و گوێگرانی شادبکاتەوە.  

یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، سەرچاوەیەکی نزیک لە هونەرمەند زیاد ئەسعەد، بە کوردستان24ـی گوت: دوای ساڵانێکی زۆر، یەکێک لە گۆرانییەکانی زیاد ئەسعەد، کە تۆماری کردووە، بەڵام بڵاونەکراوەتەوە، لە ئایندەیەکی نزیک دا، بڵاودەکرێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە، گوتیشی: گۆرانیەکە پێنج خولەکە، بەڵام تەنها 26 چرکەی بڵاوکراوەتەوە، دواتر تەواوی گۆرانییەکە بڵاودەکرێتەوە.

لەبارەی دۆخی تەندروستی هونەرمەندەکە، ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەکرد: ئێستا تەندروستیی زۆر باشە و ڕۆژانە وەرزش دەکات و تەنانەت لە دانانی ئاواز و هۆنراوەش بەردەوامە.

دوایین گۆرانی هونەرمەند زیاد ئەسعەد لە ساڵی 2004 بڵاوکرایەوە، کە گۆرانی 'ئەرێ نازێ' بوو دوای ئەوە هیچ گۆرانیەی دیکەی بڵاونەکردووەتەوە.

زیاد ئەسعەد، هونەرمەندێکی ناسراوی کوردە، خاوەنی هەوادارێکی زۆرە و دەمێکە هەوادارانی تامەزرۆیی بڵاوکردنەوەی بەرهەمێکی ئەو هونەرمەندەن.

زیاد ئەسعەد کێیە؟

زیاد ئەسعەد، لە ساڵی 1966 لە گەرەکی تەیراوەی شاری هەولێر لەدایکبووە، لە ساڵی 1983بە گۆرانی دوعادەکەم (ئاواز و ھۆنراوەی قادر سەیاحی) دەستی کردووە بە گۆرانی گوتن و یەکەم کاسێتی لە ساڵی 1988 بڵاو کردووەتەوە،  خاوەنی پێنج ئەلبوومی گۆرانییە،  زیاد ئەسعەد زیاتر لە 30ساڵە کوردستانی جێھێشتووە و لە سوێد دەژیت.

 

 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment