ترەمپ: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مەزنە بۆ ئەڵمانیا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەبارەی هەڵبژاردنی ئەڵمانیاوە دەڵێت: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ ئەڵمانیا بە بردنەوەی پارتی پارێزگاران.
یەکشەممە 23ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پێگەی(تروس سۆشیال) پەیامێکی لەبارەی هەڵبژاردنەکەی ئەڵمانیا بڵاو کردەوە و دەڵێت: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مەزنە بۆ ئەڵمانیا و ئەمەریکا دوای سەرکەوتنی پارتی کریستیان دیموکرات بەڕێژەی سەدا 29ـی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەیان، دەشڵێت: وەکو ئەمەریکا، ئەڵمانییەکانیش خۆیان لە ئەجێندای دەرەکی پاراست، بەتایبەتیش پرسی وزە و کۆچبەران.
یەکشەممە 23ـی شوباتی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا کاتژمێر 10 بە کاتی هەولێر دەستیپێکرد و بنکەکانی دەنگدان بەڕووی هاووڵاتییاندا کرانەوە و کاتژمێر 8ـی ئێوارەش بنکەکانی دەنگدان داخران.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، پارتی پارێزگارانی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی فرێدریک مێرز پلەی یەکەمی گرتووە و 211 کورسی پەرلەمانی مسۆگەر کردووە، هەروەها پارتی شوێنگرەوە بۆ ئەڵمانیاش بە سەرۆکایەتی ئەلیس ڤایدل، بە بەدەستهێنانی 142 کورسی لە پلەی دووەمدایە.
هاوکات پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتیش بە سەرۆکایەتی ئۆلاف شۆڵز 116 کورسی مسۆگەرکردووە و لە پلەی سێیەم دایە.
فرێدریک مێرز، سەرکردەی پارێزگارانی ئەڵمانیا، دوای بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەکان لە هەڵبژاردندا گوتی: ئێستا گفتوگۆ لەگەڵ یەکتری دەکەین و بابەتی سەرەکی دووبارە پێکهێنانی حکوومەتێکە لە ئەڵمانیا کە ئەوەندەی ڕێی تێدەچێت بە خێرایی کار بکات، لەگەڵ پەرلەمانێکی زۆرینەی باش.