ئەحمەد شەرع بانگهێشتی لووتکەی عەرەبی دەکرێت
سەرۆکایەتیی کۆماری عەرەبیی سووریا ڕایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بانگهێشتنامەیەکی لە هاوتا میسرییەکەی، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسری پێگەیشتووە بۆ بەشداریی لە لووتکەی بەپەلەی عەرەبی.
سەرۆکایەتیی کۆماری عەرەبیی سووریا، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کۆماری عەرەبی سووریا، بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە سەرۆکی کۆشکی کۆماری عەرەبی میسر، عەبدولفەتاح سیسی وەرگرت، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، کە لە 4ـی ئاداری 2025 لە قاهیرە بەڕێوە دەچێت".
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی میسر ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی بەپەلەی وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە غەززە کە بڕیار بوو هەفتەی داهاتوو بەڕێوە بچێت، بۆ 4ـی ئادار دواخرا و بە ئاماژەدان بە تەواوبوونی "ئامادەکارییە بابەتییەکان" بۆی.
جەختی لەوە کردەوە، هۆکاری سەرەکی هەر ئەگەرێکی دواخستنی لووتکە، حەزی میسرە بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی سەرکردەکان ئامادەبن بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی لووتکەکە، جەختیشی لەوە کردەوە هۆکارەکان تەنیا لۆجستی دەبن.