کنێست داوای کوشتنی گەنجەکانی غەززە دەکات

لەگەڵ سەرهەڵدانی ئاستەنگەکان لەم دواییانەدا لە بەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسرائیل لە چوارچێوەی قۆناغی حەوتەم و ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردن لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس ڕەتی کردەوە 600 زیندانی فەڵەستینی ئازاد بکات و لە نێوان هەڕەشەکانی سوپای ئیسرائیل، نیسم ڤاتوری، جێگری سەرۆکی کنێستی ئیسرائیل لێدوانێکی دژ بە فەڵەستینییەکان دا.

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕادیۆی عیبری "کۆڵ بارما"،  جێگری سەرۆکی کنێست، لە لێدوانەکەیدا، داوای کوشتنی مێردمنداڵانی غەززە دەکات. گوتیشی: "ئەوان (فەڵەستینییەکان لە غەززە) دەربەدەرن و کەس لە جیهاندا ئەوانی ناوێت، دەبێت منداڵ و ژن لەیەکتر جیابکرێنەوە و گەورەساڵان لەناوببرێن."

هەروەها ئەو جێگرە بانگەشەی ئەوەی کرد، گوایە ئیسرائیل بە "شێوەیەکی زۆر لێبوردە" مامەڵە لەگەڵ دانیشتوانی غەززە دەکات.

فاتۆری دەڵێت: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درک بەوە دەکات، دانیشتووانی کەرتەکە لە هیچ شوێنێک پێشوازییان لێناکرێت، و پاڵیان پێوە دەنرێت بەرەو ئیسرائیل.

ئەمە یەکەمجار نییە، بەرپرسانی ئیسرائیل لێدوان دەدەن و داوای کوشتنی فەڵەستینییەکان دەکەن، جا چ کەسایەتییە سیاسییەکان بێت یان ئایینییەکان.

بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی توندڕەوی ئیسرائیل، پێشتر زیاتر لە جارێک داوای کوشتنی زیندانیانی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل کردووە.

هەرەوەها حاخام ئەلیاهۆ مالی، پێشتر داوای کوشتنی فەڵەستینییەکانی لە غەززە کردووە، ئەمەش بە پشتبەستن بە لێکدانەوەکانی بۆ یاسای جووەکان، کە ئەو بانگەشەی بۆ دەکات.

لە دوای هێرشی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بۆ سەر نیشتەجێبوون و بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەستی پێ کرد، کە شەڕێکی خوێناوی ئیسرائیلی لەسەر کەرتی غەززە لێکەوتەوە، زیاتر لە 160 هەزار فەڵەستینی کوژراون و برینداربوون کە زۆربەیان منداڵ و ژن بوون.

بەپێی داتای فەڵەستینی و نێودەوڵەتی، نزیکەی 80%ی باڵەخانەکانی کەرتی فەڵەستینی وێران بوون.