پەرلەمانتارێکی ئیسرائیل: کوڕەکەی ناتانیاهۆ لە باوکی خۆی داوە

ناتانیاهۆ و یائیری کوڕی
ناتانیاهۆ و یائیری کوڕی

پەرلەمانتارێکی ئیسرائیل ئێوارەی دوێنێ بڵاوی کردەوە، یائیر کوڕی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دوای ئەوەی لە باوکی داوە، دوور خراوەتەوە بۆ دەرەوەی وڵات.

نەعما لازیمی، ئەندامی کنێستی ئیسرائیلی لە میانی کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی لە کنێست ڕایگەیاند، یائیر ناتانیاهۆ دوای ئەوەی هێرشی کردووەتە سەر باوکی و لێی داوە لە ئیسرائیل دوور خراوەتەوە.

نەعما لازیمی لە (پارتی کار)ـە و پرسیاری لەبارەی دابینکردنی بودجە بۆ سەردانەکەی سارا ناتانیاهۆ، هاوسەری سەرۆک وەزیران بۆ ئەمەریکا کە ماوەی دوو مانگە لەوێیە، کرد، هەروەها پرسیاری لە تێچووی ساڵانەی ئاسایشی یائیر ناتانیاهۆ، کە لە شاری میامی دەژی کرد.

کەناڵی 14 ئیسرائیل بڵاوی کردەوە "نەعما لازیمی، پرسیاری ئەوەی کردووە ئایا بڕە پارەیەک لە بودجەی دەوڵەتدا بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی یائیر ناتانیاهۆ خەرج کراوە یان نا؟ چونکە کە لە باوکی داوە ناچار بووە بچێتە دەرەوەی وڵات."

ئەندامانی کنێست ڕوونیان کردەوە، سەرسوڕمانی خۆیان بە لێدوانەکەی لازیمی دەربڕیوە، یەکێک لە ئەندامەکانیش گوتی: ئەو بابەتە زۆر ڕاستە و ئائیر لە ئیسرائیل دەرکراوە.

کەناڵی 14 ئیسرائیل لە زاری پارتی دەسەڵاتداری لیکۆد، کە پارتەکەی ناتانیاهۆیە ڕایگەیاندووە، ئەوەی لازیمی گوتوویەتی "درۆیە."

بەگوێرەی کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی، دووشەممە، 24ـی شوباتی 2025، یائیر ناتانیاهۆ، سکاڵای یاسایی لەسەر نەعما لازیمی، ئەندامی کنێست تۆمار کردووە، دوای ئەوەی ڕایگەیاندبوو، لەبەر ئەوەی لە باوکی خۆی داوە، لە وڵات دوورخراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەش داوە، یائیر سکاڵای ناوزڕاندنی لە دژی لازیمی تۆمار کردووە و داوای قەرەبووی دارایی کردووە بە بڕی 300 هەزار شیکڵ کە دەکاتە نزیکەی 84 هەزار دۆلار.

 ڕوونیشی کردەوە، ئەو سکاڵای لە پاشخانی لێدوانەکەی لازیمی تۆمار کردووە، کە لە میانی دانیشتنی لیژنەی دارایی کنێست (پەرلەمان) کە دوێنێ یەکشەممە بەڕێوە چوو، گوتبووی: یائیر لە نەتانیاهۆی باوکی داوە، هەر بەو هۆیەشەوە ڕەوانەی ئەمەریکا کراوە.