بەریتانیا هاتنە ناوەوەی بەرپرسانی باڵا و بازرگانانی ڕووسیا بۆ خاکەکەی قەدەغە دەکات

میدیاکانی بەریتانیا بڵاویان کردەوە، بەریتانیا بەنیازە لە چوارچێوەی پاکێجێکی نوێی گەمارۆکانی سەر ڕووسیا، هاتنە ناوەوەی سەرجەم سیاسەتمەدار و بەرپرس و بازرگانانی باڵای ڕووسیا قەدەغە بکات.

میدیاکانی بەریتانیا لە زاری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڵاویان کردەوە، ئەو نوخبە پەیوەندیدارە بە دەوڵەتی ڕووسیا، بەپێی سزا نوێیەکان، لە چوونە ناو بەریتانیا، قەدەغە دەکرێن.

بە گوتەی دەسەڵاتداران، قەدەغەکردنەکە هەرکەسێک دەگرێتەوە کە پشتیوانیی کرێملن دەکات، ئەو کەسانەی پێگە، یان سامانەکەیان قەرزاری دەوڵەتی ڕووسیایە، هەروەها ئەو کەسانەش دەگرێتەوە دەستیان لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی ڕووسیا هەیە.

دان جارڤیس، وەزیری ئاسایشی ناوخۆ لە بەیاننامەیەکدا گوتی: ئاسایشی سنوورەکان بەشێکە لە ئاسایشی نەتەوەیی، لە هەموو ئامرازەکانی بەردەست بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان لە هەڕەشەکانی ڕووسیا کەڵک وەردەگرین.

ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی ڕایگەیاندووە، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بەنیازە هەموو وەزیرەکانی هەرێم و فیدراڵی، هەروەها بەڕێوەبەرە باڵاکانی کۆمپانیا گەورەکانی ڕووسیا بخاتە نێو لیستی سزاکانەوە.

هەروەها ڕێوشوێنەکانی سنووردارکردنەکە، بەرپرسانی باڵای دەزگا و ئۆرگانەکانی فیدراڵی و دەوڵەتی، بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکانی کەرتی وزە و دارایی، هەروەها سەرکردەکانی میدیای ڕووسیا لەخۆ دەگرن.

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، لیستی تەواوی ئەو کەسانە بڵاو دەکاتەوە کە کەوتوونەتە ژێر گەمارۆ نوێیەکانەوە.

دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، لەندەن بەنیازە لە 24ی شوباتدا سزای نوێ بەسەر ڕوسیادا بسەپێنێت، بەمەش دەبێتە "گەورەترین پاکێجی سزاکان لە سەرەتای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا."