هاکان فیدان و سێرگی لاڤرۆڤ، تاوتوێی بارودۆخی سووریایان کرد

دووشەممە، 24ـی شوباتی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بە سەردانێک گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ هاوتا تورکەکەی کۆبوەوە و تاوتوێی پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کرد.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، تاوتوێی دوایین دۆخی سوورییان کردووە و لەگەڵ ڕووسیا هەمان بۆ چوونیان هەیە لەبارەی یەکپارچەیی و سەربەخۆیی خاکی سووریا، نەهێشتنی گرووپە چەکدارەکان لەو وڵاتە.
فیدان گوتی: تورکیا بەرگەی ئەو گرووپانە ناگرێت کە دەیانەوێت لە سووریا جێگەی خۆیان خۆش بکەن؛ چاوپۆشیان لێ ناکەین. پێشبینی دەکەین هەمووان ڕێز لە نیگەرانییەکانی ئێمە بگرن.
لای خۆیەوە لاڤرۆڤ، باسێکی بەرفراوانی پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی کرد و گوتی: "سەرەڕای گرژییەکانی سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، پەیوەندییەکانی ڕووسیا و تورکیا لەسەر ڕێچکەیەکی ئەرێییدایە و هەردوولا دوو کۆبوونەوەی گرنگیان لەسەر ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگەهای لە ئاستانە و لە کۆبوونەوەی لووتکەی بریکس لە قازان، کرد."
هەروەها باسی کەرتی وزە و کەرتی دارایی و بانکی و هاوکاریی لە بوارەکانی گواستنەوە و لۆجستی و گەشتیاری کرد و گوتی: "بە قووڵی و فراوانی باسمان لە کارە هاوبەشەکان کرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیجییەکان، لەوانەش کارەکانی تەواوکردنی خستنەبازاڕی یەکەم ڕیاکتۆر لە وێستگەی ئەتۆمی ئاکویو و دروستکردنی ڕیاکتۆرەکانی تر."
باسی لە دەستەبەرکردنی ئۆپەراسیۆنی بۆری غازی ستریمی تورکیا و پاراستنی لە دەستی ڕژێمی کیێڤ کرد و ڕایگەیاند "هەر جۆرە کردەوەیەکی تیرۆریستی تەنها کاریگەریی لەسەر گەیاندنی پێداویستی غاز نابێت، بەڵکو کاریگەریی لەسەر نرخی غاز لە بازاڕی جیهانیدا دەبێت. هاوکارە تورکەکانمان لە گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی لە ڕیاز ئاگادار کردەوە، و ئاسۆی گەیشتن بە گفتوگۆی ئاسایی پێویست بۆ چارە کردنی کێشەکان، بەبێ گوێدانە جیاوازی هەڵوێستەکان."
لاڤرۆڤ، باسی لە پێویستی جێبەجێکردنی بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین لە چوارچێوەی چارەی دوو دەوڵەتیدا، کرد.