ڕووسیا پەلاماردانی کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە فەرەنسا بە هێرشێکی تیرۆریستی ناو دەبات

هێزە ئەمنیەکانی فەرەنسا لە نزیک شوێنی ڕووداوەکەن
هێزە ئەمنیەکانی فەرەنسا لە نزیک شوێنی ڕووداوەکەن

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، بەڵگە هەیە، ئەو تەقینەوەیەی لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری مارسیلیا لە فەرەنسا  ڕووی دا، هێرشێکی تیرۆریستییە.

دووشەممە، 24ـی شوباتی 2024، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بە میدیایی ناوخۆی ڕووسیای گوت  "پێویستە فەرەنسا هەنگاو بۆ باشترکردنی ئاسایشی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ڕووسیا بنێت".

گوتیشی: بەڵگە هەیە، ئەو تەقینەوەیەی لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری مارسیلیا لە فەرەنسا ڕووی دا، هێرشێکی تیرۆریستییە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا داوای لە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا کرد، لێکۆڵینەوەی تەواو لە ڕووداوەکە بکەن، لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، هێرشی سەر کونسوڵخانەی ڕووسیای لە مارسیلیا ئیدانە کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، پۆلیسی فەرەنسا ڕایگەیاند، دوو بۆمب بەسەر دیواری کونسوڵخانەی ڕووسیا لە شاری مارسیلیای فەرەنسا، هاوێژراون، کە یەکێکیان تەقیوەتەوە.

پۆلیسی مارسیلیاش دەڵێت: سێ بۆمبی دیکەیان لە ناو شووشەی سۆدادا دۆزیوەتەوە کە بە ناتەواوی دروست کرابوون. 
ئاماژەی بەوەش کرد، بۆمبێک تەقیوەتەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە، هەروەها هێرشکەرەکەش هەڵاتووە.

ستانیسلاڤ ئۆرانسکی، کونسوڵی گشتی ڕووسیا لە مارسیلیا لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: "تەقینەوەکە لە ناو باڵەخانەی کونسوڵخانەکەدا ڕووی داوە".

کونسوڵخانەی ڕووسیا دەکەوێتە سەر شەقامی ئەمبڕۆس باری، کە ئەو ناوچەیە چەندین نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی دیکەی لێیە، لەوانە کونسوڵخانەکانی (میسر، تونس، ئەرمینیا و دوورگەی ساو تۆمی پرینسیبی).